ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خویدا، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانی بە دەسبەسەرکردن و سەرکوتی هەزاران کەس لە خەڵکی ناڕازی و پارێزەری مافی مرۆڤ تۆمەتبارکرد.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەۆەیی لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، بڵاویکردەوە، لەبەشی پێوەندیدار بە ئێران بە ئاماژە بە سەرکوتی زۆر و نەبوونی مافی دەربڕینی ئازادانەی بیروڕا و هەروەها سەرکوتی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان هاتووە کە هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بەکەڵک وەرگرتنی نایاسایی لە دەسەڵاتی خۆیان، ناڕەزایەتییەکان سەرکوت دەکەن و بە بێ هیچ هۆکارێک هەزاران کەس لەناڕازییان، پارێزەرانی مافی مرۆڤ، کەسانی خاوەن بیروڕای جیاوازیان لە ساڵی ڕابردوودا دەسبەسەر کردووە و بە بەندکران و لێدانی قامچی و سێدارە سزا دراون.
لەدرێژەی ئەم ڕاپۆرتە ساڵانەیەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیدا، لەهەمبەر ڕووبەڕووبوونەوەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ کەسایەتییەکان و چالاکانی سیاسیی و مەدەنیی لە ساڵی ڕابردوودا هاتووە کە بێسەروشوێن کردن، ئەشکەنجە، ڕەفتارگەلی بێبەزەییانەی دژە مرۆیی، بەشێوەیەکی ڕێکخراو لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە، کۆمەڵیک لەو شێوە ڕەفتارانەی ڕێژیمە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان لە ئێراندا.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ڕاپۆرتەکەی خویدا ڕێژیمی ئێران بە پێشێلکاری سەرەکیی، مافەکانی ژنان، مافی کەمینە نەتەوایەتیی و ئایینییەکان و هەڵاواردن بەشێوەیەکی سیستماتیک و بەرنامە بۆ داڕێژراو تۆمەتباردەکا.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ڕێژیمی ئێران لە ساڵی ڕابردوودا سزای لە سێدارەدانی وەکوو چەکێک بۆ سەرکوتی چالاکانی سیاسیی و مەدەنیی و ئایینی بەکارهێناوە کە دوای لەسێدارەدانی دژبەرانی ڕێژیم تەنانەت شوێنی ناشتنیشیان دەشارێتەوە و بە شێوەیەکی نهێنی و دوور لە چاوی بنەماڵەکانیان لە شوێنێکی بێ ناو نیشاندا دەیاننێژێ.