کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سووریە، دەیان میلیارد دۆلاری لە سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران خەرج کردووە، بەڵام لە بەڕێوەبردنی پڕۆژەی نوێکردنەوەی سووریە سڕاوەتەوە.
هەواڵدەرییەکی عەرەبیی لە سووریە، نووسیویەتی: بەشار ئەسەد سەرۆککۆماری سووریە، ناوی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە پێڕستی ئەو وڵاتانەی کە دەتوانن لە پڕۆژەی نوێکردنەوەی سووریە بەشداریی بکەن سڕیوەتەوە و ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕێژیمی ئێران بۆ مانەوەی بەشار ئەسەد لە دەسەڵاتدا، دەیان میلیارد دۆلاری خەرج کردووە و سەدان میلیۆن دۆلار سووتەمەنی خۆڕایی داوە بە دەوڵەتی دەمێشق.
حوسێن ئیبیش، ئەندامی پلەبەرزی “ئەندیشکەدە” و ڕێکخراوی وڵاتانی عەرەبیی کەنداو لە واشینگتۆن، بە بڵاوکردنەوەی یادداشتێکی شڕۆڤەیی لە بارەی دانوستانی ٣لایەنە نووسی: لە کێبڕکێ بۆ نوێکردنەوەی سووریە دوای شەڕ، دۆخەکە ئاڵۆزتر بووە، ٣ولاتی ڕووسیە، تورکیە و قەتەر ڕەوەندی دانوستانی ٣لایەنەی نوێ بە ئامانجی پڕۆژەیەکی ڕێگەچارەی سیاسی بۆ شەڕی نێوخۆیی ١٠ساڵەی ئەو وڵاتە دەسپێکردووە و خاڵی گرینگ ئەوەیە کە ئەمجارەیان ڕێژیمی ئێران لەو پڕۆژەیەدا هیچ جێگەیەکی نییە.