هەندێک میدیای ئەمریکایی بە ئاماژە بە ڕاهێنانی تایبەتی هێزە کوردییەکان لە لایەن هێزەکانی ئەمریکاوە لە ڕۆژئاوای کوردستان دەڵێن ئەوە شێوەیەکی نوێ و دەگمەنە لە هاوکاریی سەربازیی نێوان ئەمریکا و هێزێکی نادەوڵەتیی.
بەپێی ڕاپۆرتی گۆڤاری ئەیر فۆرس تایمز، یەکەی ناسراو بە کۆنترۆڵی تێرمیناڵی هاوبەشی هێرش یان JTAC سەر بە هێزی ئاسمانیی ئەمریکا، مانگی ڕابردوو ژمارەیەک لە هێزە کورد-عەرەبەکانی سووریە ناسراو بە ” هەسەدە” لە ڕاهێنانی هاوئاهەنگی و هەوڵ بۆ هێرشی ئاسمانیی کۆپتەری ئاپاچی بەشدار کردووە و لە بواری شێوازی پشتیوانیی ئاسمانیی، ڕاهێنانی پێیان کردووە.
بە پێی نووسراوی ئەو گۆڤارە، ئەو بابەتە لایەنێکی نوێ و دەگمەن لە هاوکاریی سەربازیی ئەمریکا و هێزە کوردییەکان دەردەخات کە پێشتر کەمتر لەسەری باس کراوە.
هێندێک لایەنی ئەمریکایی ئەو هاوکارییە نوێیە لەگەڵ هێزە کوردییەکانی سووریەیان بە نیشانەی شێوازێکی نوێ لەلایەن ئەمریکاوە لە شەڕەکانی داهاتوو وەسف کردووە.
واین ماروتو، وتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانیی دژی داعش، سەبارەت بە وردەکاریی پەروەردەی تایبەتی هێزە کوردییەکانی سووریە کە فەرمانی بوردمانی ئاسمانیی لە مەیدانی شەڕ دەگرێتەوە و وێنەی ئەو ڕاهێنانە لە ماڵپەڕی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بڵاو بووەتەوە، قسەی نەکردووە، بەڵام بە ئەیر فۆرس تایمزی وتووە کە ئەو بابەتە زیاتر بۆ دروستکردنی متمانەی هێزەکانی دیمۆکراتیکی سووریە بە هێزەکانی ئەمریکایە کە لە سووریە پاڵپشتییان دەکەن و هەروەها بۆ ئەوەشە کە بیسەلمێنن کە شەڕ دژی داعش و هاوکاریی هێزە کوردییەکان و هێزەکانی ئەمریکا درێژەی هەیە.
نیکۆلاس هێراس سەبارەت بە ئامانجی ئەمریکا لە بڵاو کردنەوی وێنەی ڕاهێنانی سەربازیی هێزە کوردییەکان لە بواری ڕێنوێنی هێرشە ئاسمانییەکان بە شێوەی دەگمەن ئاراستە کراوە، وتی: ئەمریکا دەیەوێت ئاماژە بەوە بدا کە شەڕ دژی داعش لە سووریا هێشتا کۆتایی نەهاتووە و هاکاری لەگەڵ کوردەکان درێژەی هەیە و هەروەها هۆشدارییەکە بە هێزەکانی ڕووسیا کە تاقیمان مەکەنەوە.