ئاماژە: ڕۆژی ٤ی ژانویەی ئەم ساڵ بەڕێوەبەرایەتیی کتێبخانە گشتییەکانی کۆیە، کۆڕێکی ڕیزلێنانی بۆ کەسایەتیی سیاسی ونووسەر و وەرگێڕی بە ناوبانگی کورد عەبدوڵلا حەسەنزادە، پێک هێنا کە تێیدا کۆمەڵێک و تار و بابەت پێشکەش کران. ئەم بابەتەی لێرە دا دەخرێتە بەر چاوتان، لەم کۆڕە دا لە لایەن نووسەرەکەیەوە پێشکەش کرا.
لاپەڕەی ئەدەب و هونەری “کوردستان”
***
باسەکەم بە دەسخۆشی و پێزانین بۆ بەڕێوەبەرایەتیی کتێبخانە گشتییەکانی کۆیە دەست پێ دەکەم کە ئەم ئێوارە کۆڕە ڕازاوەیان بۆ ڕێزگرتن لە حەسەنزادەی نووسەر و وەرگێر، ڕێک خستوە. هیوام سەرکەوتنی ئەم کۆڕەو ئاواتم بەردەوامیو تەمەندرێژیی مامۆستا حەسەنزادەیە.
مامۆستا عەبدوڵلا حەسەنزادە کەسایەتییەکی فرە ڕەهەندە. لێرەدا لایەنی کۆمەڵایەتی، سیاسیو خەباتگێڕانەی ئەو کەسایەتییە مەبەست نیە و، قەرار وایە لەم کۆڕەدا بپڕژێینە سەر ڕەهەندی ئەدەبی و زمانیی کارو تێکۆشانو بەرهەمەکانی حەسەنزادە. بەڵام هەر ئەو کارەش بۆ خۆی ئەوەندە هاسان نیە. چونکە مامۆستا حەسەنزادە هەم نووسەرە، هەم وەرگێرو، هەر لەو کاتەش دا، لە پێوەندی لە گەڵ خزمەتی زمانی کوردیدا، خاوەن شەقڵو خودان بەرهەمەو، جێگاو شوێنی تایبەت بە خۆی هەیە. باس لە هەمووی ئەوانە لە توێی وتارێکی چەند دەقیقەیی دا، مومکین نیە. هەر بۆیە من هەوڵم داوە تەنیا لە سەر لایەنی زمانیی نووسینو وەرگێڕانەکانی مامۆستا حەسەنزادە چڕ ببمەوە.
قەڵەمێک لە نێوان نووسینو وەرگێراندا
مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە لە مەیدانی ڕۆشنبیری دا پتر وەک وەرگێڕ ناسراوە تا نووسەر. بەڵام بەو ناسیاویو زانیارییەی من لە ژیانو تێکۆشانی ئەو هەمە، حەسەن زادە نووسینی لە وەرگێڕان زیاترە. ژمارەو بارستایی ئەو بابەتو لاپەڕانەی حەسەنزادە نووسیونی، زۆر لەوانە زیاترن کە ئەو وەری گێڕاون. ئەگەر وایە هۆی چییە کە ئەو عەبدوڵلا حەسەنزادە پتر وەک وەرگێڕ ناوی دەرکردوە؟
نووسینەکانی مامۆستا بە زۆری ناوەرۆکی سیاسییان هەبووەو مڵکی حیزبێکی سیاسی بوون. بۆ پەنجا ساڵ دەچێ حەسەنزادە یەک لە بەشدارانو بەرهەمهێنەرانی ئەدەبیاتی سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستانو بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەو نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. لە پانتایی ئەو ئەدەبیاتیە دا، حەسەنزادە هەر قەڵەمێکی ئاسایی نەبووە، بەڵکوو بەشدارو بەرهەمهێنەرێکی هەرە دیارو خاوەنی زۆرترین کاریگەری بووە. فۆڕمی نووسینە سیاسییەکانی حەسەنزادە، بە زۆری وتارو بەیاننامەی سیاسی بوونو زۆربەی هەرە زۆریشیان، بێ ئەوەی ناوو ئیمزای حەسەنزادەیان لە سەر بێ، بڵاو بوونەوە. تەنانەت ئەو کاتەش کە لە ڕۆژنامەو راگەیەنەکانی حیزبدا، نووسەران بۆیان هەبوو ناوی خۆیان لە سەر بابەتەکانیان بنووسن، مامۆستا حەسەنزادە هەر حەزی نەکردوە نووسینەکانی بە ناوو ئیمزاوە بڵاو ببنەوە. نهێنیی تا ڕادەیەک شاراوە مانەوەی نووسەربوونی مامۆستا، لەم ڕاستییە دایە.
بەڵام وەرگێڕدراوەکانی مامۆستا بەم هۆیەوە کە ناوی وەرگێڕیان بەسەرەوە بووە و، لە لایەکی دیکەشەوە بە دەلیلی سەرکەوتووییو پێشوازیی کەم وێنەی خوێنەران لەوان، ناوی “عەبدوڵلا حەسەنزادە”یان لای خوێنەران کردوە بە ناوێکی زۆر ناسراوو فرە خۆشەویست. لێرە دا دەمەوێ قامک لە سەر ڕاستییەک دابنێم. نووسینی مامۆستا، لە گەڵ ئەوەی زۆرتر سیاسی بوونو هەر وەها سەرەڕای ئەوەی ناوی نووسەریان بە سەرەوە نەبووە، خوێنەرو بەردەنگ، لێیان نەپرینگاوەنەتەوەو هەر کە دەستیان کردوە بە خوێندنەوەیان ، بێ ئەوەی بە خۆیان بزانن دێڕبە دێڕ پتر حەزیان چووەتە سەرو هەتا کۆتایی لە گەڵیان ڕۆیشتوون. خاڵی هاوبەشو هەرە گرینگی نووسینو وەرگێڕانی حەسەنزادە، کە دەتوانین بە سێحر و ئەفسوونی ئەو قەڵەمەی ناوبەرین، زمانەکەیەتی کە خوێنەرو بەردەنگ دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆی.
تایبەتمەندییە زمانییەکانی نووسینو وەرگێڕانی حەسەنزادە:
– بە کوردی بیر کردنەوە، بە کوردی داڕشتنەوە:
حەسەنزادە، ئەو کاتەی دەنووسێ، هەوڵ دەدا بە کوردی بیر بکاتەوە. بابەتی نووسینەکەی هەر چییەک بێ:- سیاسی، کۆمەڵایەتی یا ڕۆشنبیری، دەربڕینێکی ئەدەبیو عاتیفیی پێویست بێ، بێ یا وشکو عەقڵیو ئیستیدلالی- تەعبیرو دەربڕینێکی کوردیی بۆ دەدۆزێتەوە. زۆر لەو نووسەرانەی سەرچاوەی خوێندنەوە یا زمانی خوێندنیان زمانێکی غەیری زمانی خۆیان بووە، بە زەحمەت خۆیان لە پەتای بیرکردنەوەو دەربڕینی مەبەست بەو زمانە، بۆ ڕزگار دەکرێ.
نووسەر لە وەرگێڕ دەست ئاوەڵاترە. چونکە نووسەر بۆی هەیە ئەو مەبەستەی دەینووسێ ئەگەر بەم فۆرمە بۆی نەهات بە فۆرمێکی دیکە بینووسێ، یا ئەگەر هەر نەیتوانی مەبەستێکی دیاریکراو بگەیەنێ، وازی لێ بێنێو لە نووسینەکەی دەری باوێ. بەڵام وەرگیڕ ئەم مافەی نییە. وەرگێڕ دەبێ هەم سەبک یا شێوازی نووسەر لە وەرگێڕانەکەی دا ڕەچاو بکا، هەم بە ئەمانەتەوە واتاو پەیامی دەقەکەی بگەیەنێ. وەرگێڕی سەرکەوتوو ئەو کەسەیە کە سەرەڕای پابەندی بەم دوو بەربەستە، دەقەکە وا وەربگێڕێت کە خوێنەر هەست بکا ئەم دەقە بەو زمانە نووسراوە. حەسەنزادە نەک هەر لە نووسیندا بەڵکوو لە وەرگێڕانیشدا، هەوڵ دەدا هەویری واتاو پەیامو دەقیک کە کاری لە سەر دەکا، بە ئاوی کوردی بگرێتەوەو نانێکی لێ دروست بکا کە چێژو بۆنو بەرامەی کوردیی هەبێ.
لێرەدا، دەبێ ئاماژە بەوەش بکەم کە مامۆستا هەر لە ڕووی واتاییەوە هەوڵ نادا نووسینو وەرگێڕانەکانی، دەربڕینێکی کوردانەیان هەبێ، بەڵکوو لە ڕووی ڕستەسازیو ڕەچاوکردنی سروشتی ڕستە لە زمانی کوردیشدا، سەرکەوتوویە. لە گەڵ ئەوەی مامۆستا هەر دوو زمانی عەرەبی و کوردی بە باشی دەزانێو پێی خوێندوونەوەو لێی وەرگێڕاون، هەر وەها سەرەڕای وێکچوونێکی زۆر لە نێوان سروشتی پێکهاتەی ڕستە لە دوو زمانی کوردیو فارسی، لە کاتی نووسین و وەرگێڕاندا، هەوڵ دەدا لە ژێر کاریگەریی سێنتاکسی ئەو زمانانە دوور کەوێتەوەو لە ڕیزکردنی کەرەستەکاندا، بینای ڕستەی کوردی بپارێزێ.
– دەستڕۆیشتووییو زاڵبوون بە سەر وشەی کوردی دا:
ئەوەندەی من بزانم مامۆستا حەسەنزادە ئەگەرچی ئاشنایەتی لە گەڵ هێندێک لە دیالێکتە سەرەکییەکانی دیکەی زمانی کوردییش هەیەو، کەم یا زۆر لێیان تێ دەگا، بەڵام دەکرێ بڵێین تەنیا لە یەکێک لە دیالێکتەکانی زمانەکەی تەواو شارەزایە. دیالێکتێک کە هێندێک بە کورمانجیی نێوەڕاستو هێندێکیش بە سۆرانیی ناو دەبەن. بەڵام ئەو شارەزاییەی مامۆستا هەر تەنیا لە لەهجەی ناوچەی لەدایکبوونی خۆی یا کوردیی موکوریانی دا نیە، بەڵکوو بن لەهجەکانی دیکەی ئەو دیالێکتەش دەناسێ و شارەزای زۆرێک لە وشە و ئیدیۆمەکانیانە. لە نووسین و وەرگێڕانیش دا، هەر کات بۆ وشە دادەمێنێ، هەتا لە بن لەهجەکانی ئەم دیالێکتە یا دیالێکتەکانی دیکە وشە شک ببا، پەنا بۆ وشە لە زمانی بێگانە نابا. کوردیزانینیەکەی مامۆستا هەر ئەوە نییە کە لە گەنجینەی زمانەکەیدا، زۆر وشەی کوردیی هەیە، بەڵکوو چۆنیەتیی بەکارهێنانی وشەکانو ئیدیۆمەکانیش دەزانێ. بۆ سەلماندنی ئەم قسەیە، دوو ئاماژە بە پێویست دەزانم:
١- کاتێک مامۆستا هەژار بەرگی یەکەمی فەرهەنگی “هەنبانەبۆرینە”ی بڵاو کردەوە، لە نامەیەکی دۆستانە دا، داوای لە مامۆستا حەسەنزادە کرد بەو سەرنجە وردو کوردیزانانەی خۆی هەم بە بەرگی یەکەمی هەنبانە بۆرینە دا بچێتەوە، هەم بەرگی دووهەمیش ئەگەر بڵاو بۆوە، نەبوێرێو سەرنجو تێبینییەکانی خۆی بۆ بنووسێ. دیار بوو بە داخەوە مردن مەودای نەدا مامۆستا هەژار سەرنجو تیبینییەکانی حەسەنزادە لە چاپی دووهەمی هەنبانە بۆرینە دا بگونجێنێ. دواتر مامۆستا حەسەنزادە کۆی ئەم وشانەی لە فەرهەنگی هەنبانەبۆرینە دا نەهاتبوون، یا هەر یەکێک لە ماناکانیان هاتبوو، یا بە هەڵە مانا کرابوونەوە، لە توێی کتێبێکدا لە ژێر ناوی “گوڵچنینەوە لە خەرمانی هەنبانە بۆرینەی مامۆستا هەژار”دا بڵاو کردەوە کە ئەگەر چی بۆ خۆی وەک فەرهەنگۆکێک ناوی بردوە، بەڵام چی وای لە فەرهەنگێک کەمتر نەبوو.
٢- جاروبار دەبیستمو دەخوێنمەوە کە سەرکەوتوویی زمانی نووسینو وەرگێڕانی حەسەنزادە دەگەڕێتەوە سەر ئەو بوارو مەجالانەی ئەو، کاری نووسین و وەرگێڕانیان تیدا دەکا. ئەو بوارانەش بە زۆری بواری سیاسیو بواری ئەدەبین کە زمانی کوردی لە مێژ ساڵە خۆی تێدا تاقی کردوونەوە! هەر لە جێدا، حەسەنزادە هەر لەم دوو بوارەدا قەڵەمی تاو نەداوەو پەڕیوەتەوە هێندێک بواری دیکەش. یەکێک لە کۆنترینو ناسراوترینی وەرگێڕانەکانی مامۆستا حەسەنزادە کتێبی “کوردستانوکورد”ە کە لێکۆڵینەوەیەکی زانستیەو هەر تەنیا سیاسییش نیە، بەڵکوو ئابووریو جۆگرافیاو مێژووشی گرتووەتە خۆ. من نازانم لە باشووری کوردستان، کوردینووسەکان، کاتی خۆی تا چەند کەوتنە ژیر کاریگەریی زمانیی ئەم وەرگێڕانە، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نەوەی نوێی کوردینووسەکان بە چەمکو زاراوەکانی بەکارهێنراو لەو وەرگێڕانە دا، دەستیان بۆ نووسین وەرگێران لە بوارەکانی ئابووریو جۆگرافیاو مێژوودا برد. بێجگە لەمە، حەسەنزادە کتێبی وەک “دان چەرموو”ی کردوە بە کوردی کە وێنا کردنی ڕەفتاری گیاندارانو خوێندنەوەی دەروونناسانەی هەڵسوکەوتی گیانلەبەران، سەرلەبەری ئەو ڕۆمانە شیرینەی داگرتوە. بە خوێندنەوەی کوردیی ئەم ڕۆمانە، تێدەگەی کە وەرگێڕ، دەرەقەتی وەرگێڕان لەبوارەکانی دیکەش دێت. جگە لەمە، مامۆستا لە بواری حوقووقی، کۆمەڵایەتیو چەند بواری دیکەش دا، نووسین وەرگێڕانی هەیەو زۆربەشمان، قسەیەکمان لە سەرپاراویو ڕەوانیی زمانەکەیان نییە.
ئێستا وای دادەنێین حەسەنزادە بە لای نووسین وەرگێڕانی هێندێک بوارو بابەتدا کە قەوەی پێیان نەشکاوە یا پسپۆریی تێیاندا نیە یا لە گەڵ زەوقی ئەو ناگونجێن، نەچووە . ئەمە نەک هەر بە عەیب دانانرێ بەڵکوو یەکێک لە تایبەتمەندییە باشەکانی مامۆستا حەسەنزادەو هەر نووسەر و وەرگێڕێکی بە دەروەست و خاوەن ڕەوشتە، دیارە مەبەستم رەوشتی تایبەت بەم پێشەیەیە.
ڕازاندنەوەی زمانی نووسینو وەگێڕان بە زەوقو سەلیقەی ئەدەبی:
بە زەحمەت دەتوانین بڵێین حەسەنزادە، زیاتر کەسێکی سیاسییە یا مرۆڤێکی ئەدیب. زۆرکەس خۆزگەیان خواستوە کە مامۆستا حەسەنزادە ئەوەندە خۆی بۆ سیاسەت تەرخان نەکردباو، تەنیا بە کاری نووسینو وەرگێڕانو ئەدەبیاتەوە خەریک ببا. من لەوانەم کە خۆزگە دەخوازم هەموو سیاسییەکان بە تایبەتی سەرکردەکانو کەسایەتییە شوێندانەرەکانی مەیدانی سیاسەت بە قەرا حەسەنزادە ئەدیبو ئەدەبدۆست بنو هیندی ئەو لە ئەدەبیات بزانن بۆ ئەوەی نووسینو ئەدەبیاتی سیاسیی خۆیانو حیزبەکانیان، ئەوەندە ڕەزاگران نەبێ. ئەدیببوونی حەسەنزادە نەک هەر زیانی بە نووسینو وەرگێڕانی ئەو نەگەیاندوە، بەڵکوو بەرهەمەکانی ئەویان جوانتر کردوە.
هەستو زەوقی ئەدەبیو سەلیقەی جوانیناسانە بە جۆرێک فریای ئەو قەڵەمە کەوتوون کە توانیویەتی بەرگێکی ڕازاوە بکاتە بەر سیاسیترین بەیاننامەکانو هەڵوێستەکان، بێ ئەوەی پەیامی دەقەکە ببێتە قوربانیی لایەنی ئەدەبیی دەربڕینەکە. توانای ئەدەبیی بە کارهاتووی نێو نووسینی سیاسیی حەسەنزادە، ڕێخۆشکەر بووە بۆ پێکهێنانی بەستینێکی ڕەوانی لە بەردەنگدا بۆ هەرچی باشتر وەرگرتنی پەیامە سیاسیەکەی. بەیاننامەکانی حیزبی دیموکرات بە بۆنەی شەهیدبوونی ڕێبەرانی ئەو حیزبەو هێندێک کارەساتی دیکە، کە بە قەڵەمی حەسەنزادە بوون، هەر وەها ئەو وتارانەی حەسەنزادە لە ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردنی د.عەبدولرەحمان قاسملووو د.سادق شەرەفکەندیدا پیشکەشی کردوون، شایەدی بۆ ئەم قسەیەم دەدەن.
ئەم توانا ئەدەبییە، لە کاری وەرگێڕانیشدا خزمەتی زۆری بە زمانی مامۆستا حەسەنزادە کردوە. یارمەتیدەری وەرگێڕ بووە زووتر شێوازی نووسەر بدۆزێتەوەو لە هەمان سەبک یا شێوازدا بیکاتەوە کوردی. بە جوانی لە زەرافەتی “صنایع ادبی”و تەکنیکە زمانییەکانی نێو دەق تێ بگا. هاندەری بوون بۆ ئەوەی داهێنەرانەو بە بڕوابەخۆبوونەوە نەک لاساییکەرەوانە، کایە ئەدەبییەکانی نووسەر بگوازێتەوە بۆ نێو وەرگیڕانەکەی خۆی. ڕۆمانی چەند بەرگیی “حەمەدۆک” کە کەسانی زۆر شارەزا لە وەرگێڕان، پێیان وایە کوردیی ئەم ڕۆمانە وەپێش دەقەکە بە زمانە ئەسلییەکەی خۆی کەوتووەتەوە، نموونەیەکی زۆرباشە بۆ سەلماندنی جوانیو سەرکەوتوویی دەقێکی وەرگێڕدراو لە سۆنگەی بەهاناوە هاتنی توانای ئەدەبیی وەرگێڕ لە کاری وەرگێڕاندا.
کۆمەڵێک وردە تایبەتمەندیی دیکە:
بۆ ئەوەی بابەتەکەم لەمە زیاتر درێژ نەبێتەوە، چەند تایبەتمەندییەکی دیکەی زمانی نووسینو وەرگێڕانی عەبدوڵلا حەسەنزادە بە کورتیو بە سەریەکەوە باس دەکەم.
– مامۆستا هەوڵ دەدا هەتا ئەو جێگایەی دەگونجێ ڕستەکانی کورت بن. ئەگەر ناچاریش بوو ڕستەکانی درێژکاتەوە، تێدەکۆشی ڕایەڵی واتایی لێک بەستنی کەرتەکانی ڕستە ئاڵۆز نەبێو خوێنەر ڕایەڵەکەی لە دەست دەرنەچێ.
– حەسەنزادە، لە گەڵ ڕەوانیو ساددەیی دەربڕین دایە. وەبیرم نایە ڕستەیەک یا دەقێکی نووسراو یا وەرگێڕدراوی حەسەنزادەم دیتبێو خوێندبێتەوە کە لێی تێ نەگەیشتبمو نەزانم دەڵێ چی.
– پابەندی بە ڕێنووسی دروستو سەختگیری لە درووستنووسینی زمانی کوردیدا، نووسینو وەرگێرانی ئەویان کردوە بە مەرجەع بۆ کەسانێک دەیانەوێ کوردی بە ڕێنووسێکی دروست بنووسن. دیارە بە داخەوە هێندێک جار ناوەندو دامەزراوەکانی بڵاوکردنەوە، ڕێنووسە سەقەتو پڕ لە هەڵەکەی خۆیان بە سەر وەرگێڕانی ئەویش دا دەسەپێنن!
مامۆستا لە گەڵ جێگیرکردنو بە فەرمی ناسینی زمانی یەکگرتوو دایە. ئەمەش وای کردوە نەک هەر لە نووسینو وەرگێران دا، بەڵکوو لە لێدوانو چاوپێکەوتنو بەشداری لە کۆڕو کۆبوونەوەی پێوەندیدار بە زمانی کوردی، بەرپرسانەو بە دووربینییەوە هەنگاو بنێو بە دوور لە دەمارگرژیو بێ سڵەمینەوە لەوانەی وەک ئەو بیر ناکەنەوە، هەوڵی جێگیرکردنی زمانی یەکگرتووی کوردی بدا.
چێژی زمان لە نووسین وەرگێڕانی مامۆستا حەسەنزادەدا، باسی لەمە بە پێزتر هەڵ دەگرێ. تواناو دەرفەتی من هەر ئەوەندەی بڕ کرد. هیوادارم ئەگەر نەشمتوانیبێ حەقی خۆی بدەمێ، لانیکەم شتێکی کەمم لێ باس کردبێ.
بە قەولی مەولانا جەلالەددینی ڕۆمی:
“آب دریا را اگر نتوان کشید هم بە قدر تشنگی باید چشید”
واتە ئەگەر هەموو ئاوی دەریاشمان بۆ ڕانەگوێزرێ، خۆ دەتوانین بەشی تێنوێتی شکاندن لێی بخۆینەوە.
جارێکی دیکە بۆ مامۆستا حەسەنزادە سڵامەتیو تەمەندرێژیو بەردەوامبوونی لە سەر دەوڵەمەندکردنی خەرمانی خزمەتەکانی بە زمانی کوردی، بە ئاوات دەخوازم.
سپاس بۆ ئێوەش کە گوێتان لێ ڕاگرتم.
تێبینی: ئەم بابەتە لە لاپەڕەی ئەدەب و هونەری ژمارە ٦٧٢ی رۆژنامەی کوردستان بڵاوبۆتەوە