موحسێن موجتەهێد شەبێستەری، ئەندامی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی رێژیم دەڵێ: قەبووڵکردنی ئێف ئەی تی ئێف، کێشە ئابوورییەکانی وڵات چارەسەر ناکا و پەیوەستبوون بەم کۆنوانسیۆنە پێش لە دەورلێدانی گەمارۆکانی سەر ئێران دەگرێ.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فارس، ڕۆژی سێشەممە ١٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، موحسێن شەبێستەری، لە دانیشتنێکدا لەگەڵ خوێندکارانی زانکۆ، سەبارەت بە قەبووڵکردن وپەسەندکردنی گەڵاڵەی ئێف ئەی تی ئێف، لەلایەن ئێرانەوە وتی: پەسەندکردنی “ئیف ئەی تی ئێف”، کێشەئابوورییەکانی سەر ئێران چارەسەر ناکا و پەسەندکردنی ئەو گەڵاڵەیە تەنیا بەربەستە نێونەتەوەییەکان لە سەر ئێران زیاتر دەکا و هۆکارێکی سەرەکییە بۆ دەور لێنەدانی گەمارۆکان لە سەر ئێران.
ناوبراو بە پێچەوانەی ڕای بەرپرسانی دەوڵەتی ڕووحانی وتی: ئەو کەسانەی کە دەڵێن بە پەسەندکردنی گەڵاڵەی “ئێف ئەی تی ئێف” و پەیوەستبوون بەو کۆنۆانسیۆنە کێشە ئابووریەکانی سەر ئێران چارەسەر دەبێ لە هەڵەدان و بۆ خۆیشیان دانیان بەوە داناوە کە دیار نییە بە پەسەندکردن و پەیوەستبوون بە ئێف ئەی تی ئێف، هەموو کیشەکانمان چارەسەر دەبێ یان نە.
شەبێستەری لە درێژەدا وتی: ئەگەر ئێران ئەو گەڵاڵەیە پەسەند بکا و پەیوەست ببێ بە ئەو کۆنۆانسیۆنەوە، ئەوە وڵاتانی دەرەوە زۆر بەئاسانی دەستیان بە زانیارییە ئابوورییەکانی ئێران ڕادەگا و پێش لە دەور لێدانی گەمارۆکان دەگرن.