حەسەن عەباسی بەنیسبەت داهات و کاسبیی سپای تێرۆریستی پاسداران دەڵێ: لە ڕێگەی بەدیلگرتن و سەرانە وەرگرتن بەڕێوە دەچێ و لە کەیسی کوژرانی قاسم سولەیمانی ٣میلیارد دۆلار داهاتی هەبووە.
حەسەن عەباسی کەسێکە کە خۆی بە ئێستراتژیستی ڕێژیمی ئێران ناساندووە و بە ڕەخنەگری توند بە دژی باڵی ڕێفۆرمخوازی ڕێژیم ناسراوە، لە نوێترین کۆبوونەوەی خۆیدا، داهاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی بۆ بەدیلگرتن و سەرانە وەرگرتن لە پێناو ئازاد کردنی بە دیلگیراواندا ناوبرد.
هەروەها ئاماژەی بە “جەیسۆن ڕەزایی” ڕۆژنامەنووسی ئەمریکایی-ئێرانی کرد کە، لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بە تۆمەتی سیخوڕیی دەسبەسەرکرا، وتی: ئێمە بۆ ئازادکردنی ناوبراو ١میلیارد و ٧٠٠میلیۆن دۆلارمان لە ئەمریکا وەرگرت و بوو بە داهاتێک بۆ سپای پاسداران.
عەباسی بە ڕەخنەگرتن لە دەوڵەتی ڕووحانی، وتی: ئێوە نازانن پڕۆژەیەکی بنیاد بنێن کە داهاتێکی باشی هەبێ و لە دۆخی گەمارۆکاندا دەبا هەر حەوتوویەک ئەمریکاییەکتان دەگرت و ئەوەش یانی داهاتی یەک حەوتووی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی دەگەیشتە ١ میلیارد دۆلار.
ناوبراو هەروەها ئەوەشی ئاشکرا کرد کە، دەوڵەتی رووحانی، ٣میلیارد دۆلاری لەبری خوێنی “قاسم سولەیمانی” لە دەوڵەتی قەتەر وەرگرت، بەڵام حکوومەت ڕوونی نەکردەوە کە، فەرمانی کوژرانی قاسم سولەیمانی لەلایەن ئەمریکاوە پەسەند کرابوو، دەوڵەتی قەتەر ئەو پارەیەی بەچ هۆکارێک لەبری خوێن داوە بە دەوڵەتی ڕووحانی.