سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بێ هیچ جۆرە ئاگادارکردنەوەیەک لە ناوچەی سەوڵاواوە دەستی کردووە بە تۆپبارانکردنی بەرزاییەکانی کێوی شاهۆ و ئەمەش بۆتە هۆی نیگەرانیی خەڵکی ناوچەکە.
بەپێی ڕاپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ١٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاویی، هێزە چەکدارەکانی سپای پاسداران بێ هیچ ئاگادارییەکی خەڵکی ناوچەکە و بێهیچ هۆکارێک، دەستی کردووە بە تۆپبارانکردنی بەرزاییەکانی کێوی شاهۆ.
سپای پاسداران بەرزاییەکانی ” هەواری دۆڵە” ی شاهۆ لە نێوان گوندەکانی ” دەڵەمەرز” و ” دێوزناو”ی بە خەستی تۆپباران کرد.
تۆپخانەکانی سپای پاسداران لە گوندی ” کانی حوسێن بەگ”ی سەوڵاوا جێگیر کراوە و لەوێوە کێوی شاهۆ تۆپباران دەکەن، بە وتەی دانیشتووانی گوندی “دەڵەمەرز” ئەو تۆپبارانە بێ هیچ ئاگادارییەکی پێشتر و لە ناکاو دەستی پێکردووە و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ناوچەکە بۆ ئیشی وەرزێری و باخەوانی یان گیاکەندنی بەهاری چوونەتە ئەو ناوچەیە، کە ئەمە بۆتە هۆی نیگەرانیی زۆری خەلکی ناوچەکە و تائێستاش لە خەسارەکانی ئەو تۆپبارانە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە