نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە هەمبەر وتووێژەکانی رۆژی سێشەممەی ویەن وتی: ئەمریکا چاوەڕوانی بەروپێشچوونی خێرای ئاکامی وتووێژەکانی لەسەر بەرنامەی ناوکیی ئێران نییە.
نێد پرایس، ڕۆژی دووشەممە ١٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی “ئاسۆشیتێد پرێس” بەئاماژە بەوەیکە بەرپرسی هەیئەتی وتووێژی ئەمریکا لە ویەن ڕابێرت مالی، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە کاروباری ئێراندایە وتی: ئێمە ئەو کێشانەی کە لە وتووێژەکاندا دێنە پێشەوە بەکەمی نازانین و پێشبینی وتووێژێکی قورس لەگەڵ ئێران دەکەین و ئێستا بۆ ئێمە ڕۆژەکانی دەسپێکی وتووێژە.
ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند کە گەڕانەوەی ئیران بۆ بەڵینەکانی لە ڕێککەوتنی ناوکیی، لابردنی گەمارۆکان لە سەر ڕێژیمی ئێران، لە باسە سەرەکییەکانی ئەو دانیشتن و وتووێژەیە.
نێد پرایس لە هەمبەر وتووێژی ڕاستەوخۆی نێوان ئێران وئەمریکا لە دانیشتنی ڕۆژی سێشەممەدا وتی: لە ئێستادا وتووێژ بە شێوەی ڕاستەوخۆ دوور لە چاوەڕوانی ئێمەیە.
هەرلەم پێوەندییەدا عەباس عێراقچی، جێگری سیاسیی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی یەکشەممە وتبووی تا ئەو کاتەی هەموو گەمارۆکانی سەر ئێران لانەچێ هیچ جۆرە وتووێژێکی ڕاستەوخۆ و ناراستەخۆ لەگەڵ ئەمریکا لە ئارادا نییە.