چالاکێکی مەزهەبی سوننی لە ورمێ، کە قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی سپای قودسی ڕێژیمی ئێرانی بە کافر و بێدین ناودێر کردبوو لەلایەن دادگای ڕێژیمەوە سزای ٢٦ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هرانا، حامید عەلی مشکوو، چالاکی مەزهەبیی سوننی خەڵکی ورمێ، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، بە تۆمەتی بێڕێزیی کردن بە قاسم سولەیمانی سزای ٢٦ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ئەو سزایە ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێ بەسەرۆکایەتی دادوەر ڕەجەبی، بە تۆمەتی ئەندامبوون لە گرووپێکی ئایینیدا بە ١٠ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی پێکهێنانی گرووپ بەمەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات بە ١٥ساڵ بەندکران و بەتۆمەتی پڕپاگەندە بەدژی ڕێژیم بە ١ساڵ بەندکران کە لە سەریەک سزای ٢٦ساڵ بەندکران بەسەر ئەو چالاکە سوننە مەزهەبەدا سەپاوە.
بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، قورسترتن سزای ناوبراو بە تۆمەتی پێکهێنانی گرووپ بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات، کە ١٥ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
شایانی باسە کە بە پێی ڕاپۆرتی سوننی نیوز ئەو سزایانە بە بیانووی بێڕێزیی کردن بە قاسم سولەیمانی بەسەری ناوبراودا سەپاوە.