کێلی گڵکۆی شەهید ئەحمەد جاویدفەڕ ناسراو بە “کاک هەژار” بۆ جارێکی دیکە لەلایەن جاش و بەکرێگیراوانی ڕێژیم لە گوندی لاچین سەر بە شاری مەهاباد شکێندرایەوە.
دوابەدوای پەیمان نوێکردنەوەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ بنەماڵەی شەهیدان بەبۆنەی 10ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، بەکرێگیراوانی ڕێژیم جارێکی دیکە بە شکاندنی کێلی گڵکۆی “کاک هەژار” لە نزیک گوندی لاچین، ترس و داماوی خۆیان بەرامبەر پیرۆزییەکانی کورد و کوردستان دەرخستەوە.
شایانی باسە کە سەروان ئەحمەد جاویدفەڕ، ناسراو بە “کاک هەژار”، یەکێک لە ئەفسەرە شۆڕشگێر و نیشتمانپەروەرە کوردەکانی نێو ئەرتەشی شاهەنشاهی بوو؛ هێشتا ڕێژیمی شا لە سەرکاربوو کە پێوەندیی بە حیزبی دێموکراتەوە گرت و دەستی بە تێکۆشان کرد و لە گرتنی پادگانی مەهاباد ڕۆڵێکی گرینگ و کاریگەری هەبوو. “کاک هەژار” لە گوڕەپانی خەباتدا، فەرماندەی هێزی پێشەوا و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو، کە بەداخەوە لە شەڕی ڕێگای بانە-سەردەشت لە مانگی سەرماوەزی ساڵی 60ی هەتاوی ماڵاوایی لە حیزب و گەلەکەی خواست و شەهید کرا.