وەزیری دەرەوەی عەرەبستانی سعوودی دەڵێ: هەرشێوە ڕێککەوتنێکی دیکە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران دەبێ وابێ کە ئەو ڕێژیمە پێبەندبوونی تەواوی پێوەدیار بێ.
فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی عەرەبستانی سعوودی، ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، وتی: هەرشێوە ڕێککەوتنێکی نوێ لەسەر چەکی ناوکیی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، دەبێ بە بەراورد بە پێشووتر ئەو ڕێژیمە پێبەندبوونی تەواوی پێوەدیار بێ.
بن فەرحان لە وتووێژی ڕۆژنامەوانی خۆیدا ڕایگەیاند کە، پێبەندبوونە نوێیەکانی کۆماری ئیسلامی دەبێ لەسەر توانای مووشەکی و پشتیوانیی میلیشیا چەکدارەکانی ناوچەکە بێ.
هەروەها وتیشی: دڵنیاین لەوەیکە کۆمەڵگەی جیهانیی دژکردەوەیان دەبێ لەسەر هەنگاوە پێشێلکارییەکانی کۆماری ئیسلامی و باوەڕمان وایە کە هەموو لایەنێک دژبە پێبەندنەبوونی ئەو ڕێژیمە، لەسەر ڕێککەوتنی ناوکیی هەڵوێستیان دەبێ و ئێمەش بەڵین دەدەین ئەگەر تاران پێبەندی هەموو یاساکانی ڕێککەوتن بێ ئێمەش ئامادەیی خۆمان بۆ وتووێژ دەردەبڕین.