سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی، بە هەڕەشە داوا لە خەڵکی ئاواییەکانی سەر بە کۆێستانەکانی “چلچەمە” دەکەن کە نابێ مەڕ و ماڵاتەکانیان لە کوێستان و بەرزاییەکانی ئەو ناوچەیە نزیک بکەنەوە.
بەپێی هەواڵی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان، سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی هەڕەشە لە خەڵکی گوندی “بس” سەر بە ناوچەی چلچەمەی شاری دیواندەرە دەکا ئەو ناوچەیە بەجێبێڵن کە بژێوی دانیشتوانی ئەو ئاواییە لە ڕێگەی ئاژەڵدارییەوە و لە ئەوشوێنانە دابین دەکرێ.
هەموو ساڵێک سپای پاسداران بە بیانووی مانۆڕی سەربازییەوە داوا لە خەڵکی ئەو ناوچەیە دەکا مەڕ و ماڵاتەکانیان لە بەرزایی و کوێستانەکان بهێننە خوارێ و لەوەڕگەکانیان پێ چۆڵ دەکا.
تا ئێستا خەڵکی ئاوایی بس چەند جارێک داوایان لە بەرپرسانی ڕێژیم کردوە کە وازیان لێ بێنن، بەڵام نە تەنیا وڵامیان نەدراوەتەوە، بەڵکوو بێڕێزی و هەڕەشەیان لێکراوە کە ئەگەر کوێستانەکانیان بۆ چۆڵ نەکەن، دەسبەسەر مەڕ و ماڵات و سەروەت و سامانەکانیاندا دەگرن.
بەپێی ئەو هەواڵ وزانیارییانەی لەم بارەوە کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوەندی هەواڵی گەیاندووە، چەند کەسێکی نەفس نزم و خۆفرۆشی سەربە سپای پاسداران لە ئاوایی بس، کە ناوەکانیان بۆ کۆمیسیۆنی تەشکیلات ئاشکرایە، پشتیان لە داوای خەڵکی ئەو ئاواییە کردووە وخەریکی خۆشخزمەتییکردن بە ڕێژیمن.
داواکاریی خەڵکی ئاوایی بس و سەرجەم ئاواییەکانی دەورووبەری چلچەمە ڕەوایە و پێویستە خەڵک یەکگرتوانە بە گژ پیلانەکانی سپای پاسداراندا بچنەوە و ئیزن نەدەن چەند کەسێکی خۆفرۆش تەبایی نێوان خەڵک لە نێو بەرن ولێکیان دوور بخەنەوە.
جێگای ئاماژەیە کە گوشار وهەڕەشەکانی سپای پاسداران بۆ سەر مەڕدارانی ئەو ناوچەیە لە هاوینی ڕابردوو دەستی پێکردووە و بەبیانووی مانۆڕی سەربازیی هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیم زیاتر لە مانگێک لە کوێستانەکانی چلچەمە، گوشاریان خستبووە سەر مەڕدارانی ئەو ناوچەیە.