وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتی فیدراڵی ئۆتریش وەڵامی نامەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانی دایەوە.
بۆ گەیاندنی دەنگی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان سەبارەت بە هەڵکوتانی ئەم دواییانەی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی رژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆسەر چالاکانی سیاسی و مەدەنی و دەستبەسەرکردنی کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی، ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران ، نامەیەکیان بە زمانی ئۆتریشی بۆ بەرپرسانی ئەو وڵاتە ناردبوو.
پاش گەیاندنی ئەو نامەیە بۆ لایەنە بەرپرسەکانی وڵاتی ئۆتریش، وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتی فیدراڵی ئۆتریش، وەڵامی نامەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانی دایەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئۆتریش دەڵێ:
ئێوە دەبێ لەوە دڵنیا بن کە هەوڵ و تێکۆشانی وڵاتی ئۆتریش بۆ دەستپێکردنەوەی وتووێژەکانی ناوکیی “بەرجام”، بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ هەوڵ و تێکۆشانی ئێمە بۆ پاراستنی مافی مروڤ، ماڤی ژنان و مافی کەمینەکان هاوسەنگ نییە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێمە بە هاوکاریی هاوپەیمانەکانمان لە یەکیەتیی ئورووپادا، چاوەدێری تەواو دەخەینە سەر دۆخی مافی مروڤ و بە تایبەتی بارودۆخی کوردەکان.
لە کۆتایی نامەکەدا هاتووە : هەروەک ئێوە بۆ خۆشتان ئاگادارن، ناوەند و کەسانێکی زۆری ئێرانی کە لە پێشێلکردنی مافی مروڤ لە وڵاتدا دەستیان هەیە، لە لایەن یەکیەتیی ئورووپاوە گەمارۆ و سزایان بەسەردا سەپاوە.