خه‌ڵكانی غه‌درلێكراو لەسەر گۆی زه‌وی بۆ دابینكردنی ژیان و چێ‌کردنی دادێیەکی گەش بۆ خۆیان و نەوەی داهاتوویان باشترین ڕۆڵه‌كانی خۆیان كردۆته قوربانی، بۆوەی به ئامانجه بهرههقهكهیان واته ڕزگاریی نیشتمان و دابینبوونی ئازادی و به ئازاد ژیان بگه‌ن.
نه‌ته‌وه‌ی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان یەک لەو نەتەوانەیە کە چەندین سەدەیە له‌پێناو ئازادی و ڕزگاریی نیشتمانەکەی شۆڕش دەکا و لە ڕەوتی ئەو خەباتە دوورودرێژەدا سه‌ری زۆر سه‌ردار چۆتە سەر دار و زۆر تێكۆشه‌ر و ڕۆڵه‌ی ئه‌و گه‌له گیان و ژیانی خۆیان فیدای به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی نیشتمان كردووه. لە “هەگبەی شۆڕش و شاخ”ی ئەمجارەماندا یادێک لە یەکێک لەو ڕۆڵە نەسرەوتووانە، شەهید جەعفەر گوشوارە دەکەینەوە.
شەهید جەعفەر گوشوارە ساڵی ١٣٤٠ی هەتاوی لە شاری پێشەوای کوردان، قازی محەممەد چاوی بە دنیا ڕوون کردەوە. ئەو لە خوێندنگە قوتابییه‌كی پیتۆل و وشیار و به‌هۆش بوو، بەڵام بەهۆی گرفتی ژیان تەنیا توانیی پێنجی پۆلی سەرەتایی ببڕێ و دواتر بۆ باشترکردنی بژیوی ماڵەوە بەگژ نەهامەتییەکانی ژیان و کوێرەوەرییەکانی بەردەم ئەم سەختە ژیانەدا ڕۆ هات.
جەعفەر هەڵی دا و گەورە بوو. شۆڕشی گەلانی ئێران سەرکەوتبوو. ئەو کە هه‌میشه ئازادی و بەختەوەریی گه‌له‌كه‌ی پێش هەموو شتێک دەخست، له سەرەتای ساڵی 1358دا هاته ڕیزی تێكۆشه‌رانی حیزبی دێموكراته‌وه. ئەو زۆر زوو ده‌ریخست كه كوڕی ڕۆژی ته‌نگانه‌یه، بۆیه هه‌ر ئه‌و ساڵه شەهید جەعفەر به‌شداریی چالاكانه‌ی له شه‌ڕه‌كانی 3 مانگه و شەڕەکانی سه‌قز و هه‌وشار و جاده‌ی میاندواوـ مەهاباددا كرد و لە هەموو ئەو شەڕانەدا جێپه‌نجه‌ی دیار و قاره‌مانی نێو سه‌نگه‌ر بوو. ئه‌و ڕۆڵه تێكۆشه‌ره‌ی كورد زۆر زوو جێگای خۆی لەنێو هاوسه‌نگه‌رانی و خه‌ڵكدا كرده‌وه وه‌ك قاره‌مانێكی مه‌یدانی تێكۆشان و خه‌بات ناوبانگی ده‌ركرد. ناوبانگی جەعفەر گوشوارە، وێڕای یوسفی برای، كه‌وته سه‌ر زار و زمانان و هه‌موو پێشمه‌رگه‌كان به چاوی ڕێزه‌وه چاویان لێ ده‌كرد. دوای ئه‌وەی یه‌كه‌م جار شاری مەهاباد له ده‌ستی داگیركه‌ران پاك كرایه‌وه, جەعفەری نیشتمانپه‌روه‌ر له پاككردنه‌وه‌ی مۆڵگه‌ی ڕێژیم له‌نێو شاردا ڕۆڵی سه‌ره‌كیی هەبوو. ئه‌و سه‌ركه‌وتنه زیاتر خه‌باتی به‌كرده‌وه‌ی لە جەعفەردا بەهێز دەکرد، هەربۆیەش بڕیاری دا تا سه‌ركه‌وتن ڕێگای شۆڕشگێڕان بگرێته پێش و له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی كوردستان و حیزبه‌كه‌ی تێبكۆشێ. هه‌ر به‌و بۆچوون و بیروباوه‌ڕه پیرۆزەوە زیاتر قۆڵی خه‌بات دژی داگیركه‌ران و هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی دژی ئازادی بوون هه‌ڵماڵی و له‌مه‌یدانی كرده‌وه‌دا نیشانی دا كه كوڕێكی دڵسۆزه و پێشمه‌رگه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه و خه‌باتگێڕێكی وه‌فاداری ئامانجەکانی گه‌لی كورده. ئەو تایبەتمەندییانە بوون بە هۆی ئەوەی بە فەرماندەری پەل دیاری بکرێ.
شەهید جەعفەر لاوێكی ژیر و وریا و ڕوح‌سووك بوو، هەموو وجوودی ئیحساساتی شۆڕشگێڕانه بوو، ئازا و به‌جه‌رگ و نه‌ترس بوو، ئیمانێكی قووڵی به سیاسه‌ته‌كانی حیزب و بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌ی هه‌بووه، به‌نه‌زم و دیسیپلین بوو. له شه‌ڕه‌كاندا هه‌میشه له سه‌نگه‌ری پێشه‌وه‌دا بوو، و ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانە و زۆر تایبه‌تمه‌ندیی دیكه وایكرد كه قاره‌مانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان مه‌سئوولییه‌تی زیاتری پێ بسپێردرێ و وەک فەرماندەری لک دیاری بکرێ.
قاره‌مانه‌تی له شەڕی سنه له شه‌وی نه‌ورۆزی 1359 دا وه‌ك لاپهرەیەكی زێڕین له كارنامه‌ی ئەو پێشمه‌رگه‌یەی دێموكرات‌دا جێی خۆی كرده‌وه. ئەو له‌و مەئموورییەتەدا هه‌موو وزه و توانا و پسپۆریی خۆی به‌كارهێنا و هه‌وڵیدا به یارمه‌تیی فه‌رمانده‌رانی دیكه‌ی هێزی پێشەوا له‌و سه‌رده‌مه‌دا نموونه‌ی هێزه‌كه بێ. هەروەها به فه‌رمانده‌ریی جەعفەر و فەرماندەکانی دیکە لە هێزی پێشەوا ده‌یان عه‌مه‌لیاتی قاره‌مانانه له‌و مه‌ڵبه‌نده كران و سه‌دان كه‌س له به‌كرێگیراوانی ڕێژیم كوژران.
ئازایەتیی شەهید جەعفەر لە گرتنی پادگانی نەوسوود زیاتر لقوپۆی هاویشت، لە شەڕە حەماسییەکانی ناوچەی مەهاباد، لە هەموو شەڕەکانی نێو شار، جادەی ورمێ- مەهاباد، جادەی مەهاباد- میاندواو، شەڕەکانی دەشتی شاروێران، لەو فیداکارییانەن کە لاپەڕەکانی مێژووی قارەمانەتیی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتیان پێ ڕازاوەتەوە و بۆ هەمیشە لە مێژووی خەباتی نەتەوەکەمان دەدرەوشێنەوە. ئەو خۆشه‌ویستی كادر و پێشمه‌رگه و خه‌ڵكی ناوچه‌كانی مەهاباد بوو. ڕێزی بۆ خه‌ڵك داده‌نا و زۆر جار دووپاتی ده‌كرده‌وه و دەیگوت “من بۆیه لە گەڵ براکەم شه‌و و شه‌ونخوونی ده‌كێشم تا خۆم و نهتهوهکەم نانێك بەخۆشی بخۆین و هه‌وای ئازادی هه‌ڵمژین، بنەماڵەکەم وێڕای خەڵکی کوردستان لەچنگ زوڵم و زۆر ڕزگاریان بێ و ژیانێکی خۆش تێپەڕێنن”.
ڕۆژی ٤ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٦٢ سروشتی جوانی کوردستان بەرەبەرە کراسی سەوزی بەهاری لەبەر دەکرد کە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی شارویرانی مەهاباد پەلاماری گوندی “قونقەڵا”یان دا. شێرەکوڕانی دێموکرات زۆر ئازایانە بەرەنگاریان بوونەوە. کاتێک شەهید جەعفەر گوشوارە هەواڵی هێرشی کۆنەپەرەستانی بیست، لەگەڵ دەستەیەک لە پێشمەرگەکان بە هانای هاوسەنگەرانییەوە چوون. شەرێکی گەرم و پڕ لە فیداکاری بۆ ڕۆڵەکانی دێموکرات بوو، بەڵام بۆ هێزەکانی ڕێژیم جەهەننەمێک بوو کە هیچکات ئەو شکستە لەبیر نەکەن. پێشمەرگەکان لەم ڕۆژەدا دەرسێکی باشیان بە هێزی هێرشکەران دا و پاشەکەشەیان پێ کردن و دەیان کەس لە هێزەکانی دوژمن جەندەکیان کەوتە سەر عەرز. بەڵام ئەم ڕۆژە ئاخرین فیداکاریی جەعفەری گوشوارە بوو، و خوێنی تێکەڵ بە خوێنی براکەی یۆسف گوشوارە و پێنج قارەمانی دیکە بە ناوەکانی خالید ئەبوو شاهی، ئەبووبکر ئوستاد ئەحمەدی، کەماڵ عەلیزادە، ئەبووبەکر فەقێ ئیبراهیمی و خەلیل مەرزەنگ بوو و دەشتی شاروێرانیان بە خوێنی خۆیان سوور کرد.