میللەتی دواکەوتوو بە زەحمەت لە ڕاستی تێدەگا و پێش دەکەوێ. میللەتانی جیهان هەتا نوێتر دەبنەوە، عاقڵتر دەبن و زیاتر تێدەگەن. میللەتی ئێمەش پێچەوانەیە، هەتا زیاتر دەڕواتە پێش داب و نەریت و خوو خدەی باشی ڕابردووانیانیشی بە لاوە دەنێت. لێرەدا مەبەست لە میللەت نەتەوە نییە. کەیفی خۆتانە ئێوە میللەت بە چ پێناسەیەک دەناسێنن، بەڵام “میللەت” لێرەدا هەموو خەڵکی نێو چوارچێوەی جوغرافیایەکی سیاسی دەگرێتەوە کە یەک دەستەڵاتدار خۆی بە دەمڕاست و کەللا و کەیخودای دەزانێ و نەتەوە و مەتەوەی دیکەی نێو ئەم جوغرافیایەش فت.
وەک گوتمان میللەتی دواکەوتوو زۆر خوو و خدەی ڕابردووانی لەبیر نامێنێ. ئەو ڕابردووانەی هەنێکجار مەودای دوور و درێژیان بە هەنگاوێکی سووک بڕیوە. بۆ وێنە لە گوندێک کە چەندین ئەویندار و عاشقی پیاوی تێدا بووە، هەموویان هەوڵیان داوە لە ئەشکەوت یان لە کۆنەئاغەڵان شەمشەمە کوێرەیەک بدۆزنەوە و بە زیندوویی بیگرن. خەڵکی ئەوکاتیش وەک ئێستا دەستقووچاو نەبوون. هەرکەس شەمشەمەکوێرەی بە زیندوویی گرتبایە، سەرەتا خۆی هەردوو باڵی دەگرت، سەرەوبنی دەکرد و چۆڕە ئاوێکی تێدەکرد و دەیخواردەوە. ئەم کارە بۆ نەرمبوونی دڵی کچان یەکاویەک بووە و وەک دەڵێن دڵی کچانی نەرم کردووە و مەخسوودی دڵی کوڕانی عاشق بۆ پێگەیشتنیان بە خێڕایی ڕۆشتینی تیشک حاسڵ بووە. پاشان شەمەشەکوێرەی بەدیلگیراو لە نێو گوندیدا دەست بەدەست گێڕدراوە. ئەوانەی عاشقیش نەبوون بۆ وەدیهاتنی ئاوات و ئارەزووی دیکەیان چۆڕە ئاوێکیان لە قووڵایی باڵیەوە فڕ کردووە. وەبزانم ئاوخواردنەوە بە باڵی شەمشەمەکوێڕە بۆ ژنان ڕەوا نەبووە. یان بە هۆی مێینەبوونیانەوە و لە ترسی پیاوان نەیانوێراوە بە ئاشکرا لە شەمشەمە کوێرەش نزیک ببنەوە. ژنان هەرلە بنەڕەتڕا ڕکیان لە شەمشەمە کوێرانە.
ڕەنگە بپرسن میللەت و شەمشەمەکوێرە کوجا مەرحەبا؟ هەزار ڕەحمەت لەو پیر و پێشینیانەی دڵۆپ دڵۆپ ئاوی سەر باڵی شەمەشەمەکوێرەیان وەک ئارەقی سەرگۆنا و بەرگەردنی یار ڕامووسیوە. ئێستا ئەوانەی درێژەپێدەری ئەم هزرەن بە خۆشییەوە لە نێوماندا لەکەمییان داوە، بەڵام کەسی وایان هەیە جڵەوی سەرۆکایەتی و ڕێبەریی ملیلەتیشی بەدەستە.
ئەمەی سەرەوە باسی سەردمی کۆنی ناسین و تێگەیشتن لە سوود و بەهرەی شەمەشمە کوێرە بوو. بەڵام ئەوەی ئێستا سەبارەت بەم بوونەوەرە فریشتە ئاسایە دەرکەوتووە هەر لە گوتن نایە. مەبەستم لە فریشتە، “فریشتەی نەجات” یان فریشتەی ڕزگارییە. دیارە فریشتەی ڕزگاری دەست و باڵی ئەوەندە ئاوەڵا نییە بە دادی هەموو کەس بگا و لە بنەڕەتڕا پێوەندیی نێوان شەمشەمەکوێرە و فریشتەش کەمێک پێچەڵاوپووچە. شەمشەکوێرەیەک حەزی لە تاریکی بێت و لە ترسی بوونەوەری دیکە قاچی لە میچی ئەشکەوتان قایم بکا و لەوێوە بە سەوروبن هەڵواسراوی بخەوێ، ئەگەر ببێتە فریشتەی نەجاتیش کەسانی وەک خۆی شەوپەرست و ترسنۆک و تاریکیخواز ڕزگار دەکا. چونکە شەمەشمەکوێرە کەسان و گرووپی شەوپەرست و ترسنۆک و تاریکیخواز ڕزگار دەکا و مانای وشەی “ڕزگاری”یش لەگەڵ ئەمانە ناگونجێ، ناچارین بە قسەی خۆماندا بچینەوە و ئەم وشەی “ڕزگاری”یـه کە بەمانای درچوون لەژێر کۆیلەتی و دیلی و سەربەستییە، بە وشەی “قوتار” بیگۆڕینەوە کە ئەویش بەمانای ڕاکردن و دەچوون لە دۆخێکە و هیچ بۆرە پێوەندییەکیشی بە سەربەستییەوە نییه. لیرەدا بە ناچاری و بە جۆرێکی کاتی و بۆ ئەم بەمەستە دیاریکراوە، دەست بۆ بەرهەمی خەیاڵ و دەستڕەنگینیی و ڕەوانبێژیی نووسەرانی زمانپاراو دەبەین و دەستەواژەی “فریشتەی ڕزگاری” دەکەین بە “فریشتەی قوتارکەر”. دیارە قوتار”کەر”یش تەنیا بوونەوەرێکی سنووردار قوتار دەکا.
دوای ئەوەی زانایان و توێژەران بۆیان درکەوت شەمشەکوێرە ئەرکی گواستنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ مرۆڤی گرتووەتە ئەستۆ، خەڵكیكی زۆر سەریان سووڕ ما، بەڵام شارەزایانی خێوی میللەتی نەزان قووڵتر بیریان لەم بابەتە کردەوە. دوای لێکدانەوەیەکی خێرا چوونەوە سەر بنج و بناوانی خۆیان و خزمایەتیی شەمشەمەکوێرە و دۆخەکەیان قۆزتەوە و هەوڵیان دا بە واژووکردنی گرێبەست لەگەڵ وڵاتی شەمشەمەکوێران یارمەتیی فریشتە قوتارکەر بقۆزنەوە. بەڵام سیاسەتزانانی چین خاوەنە شەمشەکوێرەن و ئەمانەی لای خۆمان خۆیان شەمشمەکوێرەن، ئاکامی ئەمەیە ئەوان مروڤن و ئەمانە نا.
زانایان دەڵێن یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی شەمشە کوێره ئەمەیە لە تاریکیدا سیگناڵێکی هەستپێنەکراو بەرەو بەرانبەر خۆیان دەهاوێ خێرا خێرا زایەڵەی سیگناڵەکە بۆی دەگەڕێتەوە بەم جۆرە کە لە تاریکیدا دەفڕێ. شەمشەمەکوێڕەی دووپێش هەر وا دەکا، تەنیا جیاوازی لە جۆری تاریکیدایە. شەمشەمەکوێرەی باڵدار تاریکیی سروشتی دەوێ و ئەوەی دووپێیەکە لەنێو تاریکیی مێشکی مرۆڤدا باڵ دەگرێ. لەسایەی مانەوەی دەستەڵاتی نزیک نیوسەدەی شەمشەمەکوێرەی دووپێدا سەلێمنراوە مێشکی میللەتدا چ تاریکەشەوێکە.