له ڕێوڕه‌سمێکدا له وڵاتی نۆڕوێژ، یادی ٧٠ ساڵه‌ی دامه‌زرانی حیزبی دێموکڕات به‌رز ڕاگیرا.
کۆمیته‌ی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له وڵاتی نۆڕوێژ رۆژی هەینی، ٢ی رێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی، بەرامبەر بە ٢٢ی ژانوییه‌ی ٢٠١٦ی زایینی بە هاوکاریی کۆمیتەکانی یه‌کیه‌تیی ژنان‌و لاوانی دێموکڕات‌و کۆمەڵەی کولتووری کوردی لە وڵاتی نۆروێژ ڕێورسمێکی به‌بۆنه‌ی یادی ٧٠ ساڵه‌ی دامه‌زرانی کۆماری کوردستان به‌ڕێوه‌برد.
ئه‌و ڕێوڕه‌سمه بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب‌و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی به یادی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکردو مۆمی ٧٠ ساڵەی کۆماری کوردستان به ده‌ستی خاتوو فەوزیە ئەحمەدی، رئووف وەیسیو ئیسمائیل مەعرووفی تێکۆشەرانی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانه‌وه داگیرسێندرا.
له‌و ڕێوڕه‌سمه‌دا پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لایەن ئەسعەد خزری، بەرپرسی کۆمیتەوه خوێندرایەوە.
لە پەیامی کۆمیته‌ی حیزب‌دا وێڕای هاتنه به‌ر باسی کورتەیەک لە مێژوو و شانازییەکانی کۆماری کوردستان هاتبوو که: دامه‌زراندنی حکوومه‌تی کۆماری کوردستان له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا به‌رهه‌می گه‌شه‌ی ناسیۆنالیزمی کورد‌و وشیاریی نه‌ته‌وه‌یی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بوو که لە پێش دامەزراندنی کۆمار‌دا لە ژێر ناوی کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی کوردستان‌و پاشان حیزبی دێموکراتی کوردستان ده‌ستی پێ کردبوو.
له درێژه‌ی ئه‌و په‌یامه‌دا هاتبوو که حکوومه‌تی کۆماری کوردستان ئاکام‌و به‌رهه‌می پێکهاتنی حیزبێکی سیاسی به به‌رنامه به ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستان‌و وردبینیی رێبه‌رانی ئه‌و حیزبه له خوێندنه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجی ئهوکاتو قۆستنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌له بوو که به دوای شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی له‌و ناوچه‌یه‌دا هاتبۆ ئاراوه.
ئه‌سعه‌د خزری پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه کرد که کۆماری کوردستان کۆمەڵێک دەسکەوتی گرینگی بۆ کورد به دیاری هێنا کە تا ئەو کات لە هیچ کام لە بەشەکانی کوردستان بە گشتی نەهاتبوو ئاراوە، وه‌ک دەوڵەتی خۆماڵی بە هێمای نەتەوەیی وەک ئاڵا، سروودی نەتەوایەتی، پەیوەندیی دیپلوماتێک، ئەرتەشی میللی لە ژێر ناوی پێشمەرگەو دامودەزگای ڕاگەیاندن وەک ڕادیۆو چاپەمەنی، جگە لەوانەش دامەزراندنو گرینگی‌دان بە رێکخراوە سێنفییه‌کانی وەک ژنان‌و لاوان، ئازادیی ڕادەربرین، ئەمنییەت بە چەشنێک کە سەرنجی هەموو ئەو کەسانەی بۆ لای خۆی راکێشابوو کە بە سەردان یان بۆ لێکۆلینەوە هاتبونە ئازربایجانو کوردستان.
له بڕگه‌یه‌کی دیکه‌ی ئه‌و ڕێوڕه‌سمه‌دا پەیامی هاوبەشی کۆمیتەکانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان‌و یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان‌و کۆمەڵەی کولتووری کوردی لەلایەن حەسەن بێورانی، ئەندامی بەرێوەبەریی یەکیتیی لاوانه‌وه پێشکەش کراو کۆمه‌ڵێک شێعر‌و پەخشانی حه‌ماسیش نێوئاخنی به‌رنامه‌کان بوو که له‌لایه‌ن رووناک مێهرەبانو جەعفەر ڕەسوڵی؛ به‌ڕێوه‌به‌رانی ڕێوڕه‌سمه‌که‌وه پێشکەش کران.
شایانی باسه ئەم حیزب‌و لایەنانە بە پەیامی پیرۆزبایی‌و پێشکەشکردنی چەپکە گوڵ بەشداری یادەکە بوون:
یەکیه‌تیی نیشتمانی کوردستان، پارتی دێموکراتی کوردستان، کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، ئەنجومەنی بزووتنەوەی گۆران‌و سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران.