لەدرێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە ئێران ڕۆژی ڕابردوو ٢٣ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە شارە جیاجیاکانی ئێراندا بەڕێوەچوو.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هرانا، ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان ٢٣ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوانی ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی لە شارەکانی تاران، ئەراک، ئەهواز، کەرەج، ساری، کرماشان، ئیسفەهان، مەشهەد، سنە، شووشتەر، قەزوین، گورگان، ئیلام، ڕەشت، شیراز، کرمان، نەیشابوور و یەزد، لەبەردەم ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی شارەکان و هەروەها کۆمەڵێک لە کرێکارانی کۆمپانیایی کانزای ئاسمینوون لە بەندەرعەباس، لەبەردەم بینای ئەو کۆمپانیایە بەڕێوەچوو.
خانەنشینکراوانی ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، داوایان لە بەرپرسانی حکوومەت کرد کە کێشەی سەرەکی خانەنشینکراوان کە پێنەدانی مووچەکانیانە بە خێرایی چارەسەر بکرێ، لە بەشێکی دێکەی بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئێمە بەهۆی باری خراپی ئابوورییەوە تەنانەت ناتوانین ژیانێکی زۆرئاسایی بۆ منداڵەکانمان دابین بکەین.
هەروەها ناڕازییان ڕایانگەیاندووە کە تا ئەو کاتەی کێشەکانیان لەلایەن بەرپرسانی حکوومەتەوە چارەسەر نەکرێ، ئەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییانە بەردەوام دەبن.