جەلیل ڕەحیمی جەهانئابادی، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی مەجلیسی ئێران: لە واژۆکردنی ئەو ڕێککەوتنەدا دەور و نەخشی مەجلیسیان سڕیوەتەوە، دەبێ پێداچوونەوە بەو ڕێککەوتنە بکرێ.
پاش ئەوەیکە مەجلیسی ڕیژیمی ئێران لە کاتی پێداچوونەوە و واژۆکردنی ڕێكکەوتنی ٢٥ ساڵەی نێوان ئێران وچین پشتگوێ خراو و پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکانی هێزەسیاسییەکانی نێوخۆ و دەرەوەی وڵات، ئەندامێکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی مەجلیسی ئێران وتی: پێویستە پێداچوونە بە دێڕ بە دێڕی ئەو ڕێککەوتنەدا بکرێ.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیسنا، جەلیل ڕەحیمی جەهانئابادی، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی مەجلیسی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە وتووێژێکدا ڕایگەیاند کە بە ئاماژە بە سڕینەوەی دەور ونەخشی مەجلیسی ئێران لە واژۆکردنی رێککەوتنی ٢٥ساڵەی نێوان وڵاتانی چین وئێران وتی: دەبێ ڕێککەوتنی نێوان ئێران وچین، زۆر وردبینانە لە دوو کۆمیسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی و ئابووری مەجلیس پێداچوونەوەی پێدابکرێ و بەڕوونیی نێوەڕۆکی ئەو ڕێککەوتنە بخرێتە بەرچاوی خەڵکی ئێران.
جەهانئابادی، لە درێژەی وتووێژەکەدا وتی: دووگرووپ لە ئێران و دەرەوەی وڵات لەگەڵ ئەو ڕێککەوتنەدا دژایەتیی دەکەن گرووپی یەکەم کەسانی دڵسۆزن کە لە وردەکارییەکانی ئەو ڕێککەوتنە زانییارییەکیان لەبەردەستدا نییە و لە ڕێککەوتن لەگەڵ هێزە جیهانییەکان بیرەوەرییەکی ناخۆشیان هەیە و گرووپی دووهەم ئەو کەسانەن کە دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانن و وڵاتانی دژبەری ئێران هانیان دەدەن کە دژایەتی ئەو ڕێککەوتنە بکەن.