له دیدار‌و چاوپێکه‌وتنی سه‌ركۆماری ئێران و چیندا ١٧ به‌ڵگه‌نامه‌و ڕێككه‌وتنامه‌ی هاوكاری ئیمزا كرا.
شی جین پینگ، سه‌ركۆماری چین كه وێڕای ٣ جێگر‌و ٦ وه‌زیری كابینه‌كه‌ی سه‌ردانی تارانی كردوه، له كۆشكی سه‌عدئاباد له لایه‌ن سه‌ركۆماری ئێرانه‌وه پێشوازی لێ كرا‌و ١٧ به‌ڵگه‌نامه‌و ڕێككه‌وتنامه‌ی هاوكاریی نێوان ئێران‌و چینیان ئیمزا کرد.
چین دووهه‌مین وڵاتی ئابووریی گه‌وره‌ی جیهانه‌و له سه‌رده‌می گهمارۆكاندا به تایبه‌ت له كاتی سه‌رکۆماریی مه‌حموود ئهحمهدینژاددا، به یه‌كێك له گه‌وره‌ترین هاوبه‌شه تیجارییه‌كانی ئێران ئه‌ژمار داده‌نراو به‌شی هه‌ره زۆری هاورده‌كانی ئێران له ساڵانی ڕابردوودا بۆ به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌م وڵاته ته‌رخان كرابوو.
سه‌فه‌ری شین جین پینگ، سه‌ركۆماری چین بۆ ئێران له وڵامی سه‌ردانی ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ری حه‌سه‌ن ڕووحانی، سه‌ركۆماری ئێران بۆ ئه‌م وڵاته بووه‌و هاوكات له‌گه‌ڵ جێبه‌جێكرانی به‌رجام، چین هیوایه‌كی زۆری به په‌ره‌پێدانی ئابووری‌و بازرگانیی زیاتر له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه.
له ئێستادا یه‌ک له چواری بازاڕی بازرگانیی ئێران له به‌رده‌ستی چین دایه‌و له به‌شی نهوتو گازیشدا نزیكه‌ی سه‌دی ٥٠ی به‌رهه‌مه‌كانی ئێران هه‌نارده‌ی چین ده‌كرێ.
به قسه‌ی كاربه‌ده‌ستانی كۆماری ئیسلامی، ئێران بۆ بووژاندنه‌وه‌ی ئابووریی خۆی ساڵانه پێویستی به بڕی ٣٠ تا ٥٠ میلیارد دۆلار سه‌رمایه‌دانانی بیانی هه‌یه.