١٨کەسی بەناوبانگی دەرهێنەری فیلم لە ئێران لە دژکردەوە بە ڕێککەوتنی ئێران و چین دەڵێن: ئەو ڕێککەوتنە بە دژی بەرژەوەندییەکانی ئێرانە و هیچ ڕەواییەکی لای خەڵکی ئێران نییە.
ڕۆژی شەممە ١٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، ژمارەیەک لە دەرهێنەرانی فیلم لە ئێران، لە بەیاننامەیەکدا لە دژکردەوە بە ڕێککەوتنی ٢٥ساڵەی ڕێژیمی ئێران و وڵاتی چین، ناڕەزایەتییان دەربڕی و نوسیویانە؛ ئاکامی ئەو ڕێککەوتنە گرینگ نییە ئەوە گرینگە کە کۆماری ئیسلامی نابێ سەروەت و سەرمایەی خەڵکی ئێران تاڵانفرۆش بکات و لە خەڵکی بشارێتەوە و ئێمە وەکوو هاووڵاتیی ئێرانیی بەدژی ئەو ڕێککەوتنە دەوەستینەوە و نابێ بستێ لە خاکی وڵاتمان لە پێناو بەرژەوەندیی و مانەوەی کۆماری ئیسلامیدا بفرۆشرێ.
ژمارەیەک لەو دەرهێنەرانە بە ناوەکانی؛ “جەعفەر پەناهی، کەیومەرس پوورئەحمەد، محەممەد ڕەسووڵئۆف، مەهوەش شێخولئیسلامی، عەبدولڕەزا کاهانی، عەلی مۆسەفا و موجتەبا تەهماسبی” لە دەرهێنەرە بەناوبانگەکانی ئێرانن و لەو بەیاننامەیەدا ئاماژە بەوە دەکەن کە، ئەو ڕێککەوتنەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ چین بەدژی بەرژەوەندییەکانی ئێرانە و خەڵکی ئێران نابێ ئەو وڵاتفرۆشییە قەبووڵ بکەن، هەروەها باس لەوەش کراوە کە ڕێژیمی ئێران بەردەوام بە نهێنی کارەسات دەخوڵقێنێ و بۆ خەڵکی ئاشکرا ناکات.