عەباس عێراقچی : لە کۆبوونەوەی “ویەن”ـی پێتەختی ئۆتریش، بەهەموو شێوەیەک دانوستان ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئەمریکا ڕەت کردەوە و هاوکاتیش وتی؛ هیچ پێشنیارێکی دانوستانمان لەگەڵ ئەو وڵاتە نییە و باوەڕیشمان پێی نییە.
عەباس عێراقچی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، لەسەفەرەکەیدا بۆ شاری “ویەن” بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممە ١٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی ئەمریکا و ولاتانی ئەندام لە بەرجام بەڕێوەدەچێ، وتی: هیچ وتووێژێکی راستەوخۆمان لەگەڵ ئەمریکادا نییە، کۆبوونەوەکانی ئێمە لە ویەن لەبارەی هەڵگرتنی گەمارۆکانە.
هەروەها محەممەدجەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێرانیش هەر لەو بارەوە لە لاپەڕەی تویتێری خۆیدا لەبارەی کۆبوونەوەکەی ڕۆژی سێشەممەی کۆمیسیۆنی هاوبەشی بەرجام لە ویەن نووسیویەتی؛ بە پێویستی نازانین هیچ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ئەمریکا بەڕێوەببەین، ئەوەی کە بڕیارە ڕۆژی سێشەممە کۆبوونەوە هەبێ تەنیا بۆ لابردنی گەمارۆکان لەسەر ئێرانە.