لەدڕیژەی ناڕەزایەتییەکانی حیزب و ڕێکخراو و کەسایەتییە سیاسیی و مەدەنییەکانی نیوخۆ و دەرەوەی وڵات لەهەمبەر ڕێککەوتنی ٢٥ی ساڵەی نێوان ئێران وچین، سێ هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران، بەبڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ناڕەزایەتیی خۆیان بۆ ئەو ڕێککەوتنە دەربڕی.
کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ، شۆرای دێموکراسی خوازانی ئێران و هاوپەیمانیی ئازادی و یەکسانیی بۆ ئێران، ڕۆژی شەممە ١٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، بەبڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە لە ئیستادا بەشێکی بەرچاو لە سەروەت وسامانی ئێران، وەکوو باج بە ئامانجی مانەوەی رێژیمی ئێران لە دەسەڵات دەدرێ بە وڵاتانی دیکە ڕایانگەیاند کە ئەوەیکە خەڵکی ئیران لە ئیستادا بەرەوڕووی بوونەتەوە کارەساتێکی گەورەیە و کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەردەوامیی مانەوەی خۆی لەسەرتەختی دەسەڵات وەکوو رێژیمی پێشوو ئێرانیان کردۆتە شوێنی بەربەرەکانێی زلهێزەکانی جیهان.
لەبەشێکی دیکەی ئەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە، داڕمانی ئابووریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئاکامی سیاسەتی هەڵە، ئیدۆئۆلۆژیی ئایینی، پەرەپێدان بە هەڵاواردن و هەروەها دزی وگەندەڵی لەهەموو سیستمی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئیرانە.
ناکارامەیی بەرپرسان، نەبوونی بەرابەری ویەکسانی لە بەڕێوەبەریی وڵاتدا لە لایەک ولەلایەکی دیکەوە، گوشاری ئابووری و سیاسیی جیهان بە دژی ڕەفتاری دڕندانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەهەمبەر خەڵکی ئەو وڵاتە و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕێبەری ئایینی ئەو وڵاتەی هێناوەتە سەر ئەو باوەڕەی کە بۆ ڕزگاریی دەسەڵاتەکەی پەنا بۆ وڵاتی چین ببا و لە پێناو مانەوەی خۆی و ڕێژیمە گەندەڵەکەی لە سەرکاردا ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە واژۆ بکا.