ڕاجر دی کارستێنز، نێردراوی تایبەتی سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە پەیامێکی تویتێریدا داوای لە وڵاتی ئێران کرد بەزووترین کات هاووڵاتییانی ئەمریکایی – ئێرانیی بەندکراو لە ئێراندا ئازاد بکەن.
کارستێنز، نێردراوی تایبەتی سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی شەممە ١٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێردا نووسی: ئێمە لە ئێران داواکارین کە هەموو ئەو هاووڵاتییە ئێرانییانەی کە ڕەگەزنامەی ئەمریکاییشیان هەیە و بە نایاسایی لە ئیراندا دەسبەسەرکراون وەکوو سیامەک و باقر نەمازی، عێماد شەرقی و موراد تاهاباز و هەروەها هاووڵاتییانی بریتانیایی – ئێرانیی،بەبێ هێچ جۆرە بیانوویەک بە زووترین کات لە بەندیخانەکان ئازاد بکا.
کارستێنز، بەبڵاوکردنەوەی وێنەیەکی سیامەک وباقر نەمازی، لە لاپەڕەی فەرمیی تویتێرەکەی وتی: ئێران دەبێ وڵامدەری نەمان و کوشتنی” باب لوینسۆن” کە ساڵی ٨٥ی هەتاوی، لە دوورگەی کیش ڕفێندراوە و هەموو ئەو هاووڵاتییانەی کە لە ئێراندا ڕفێندراون بێ.
هەرلەم پێوەندییەدا ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و رابێرت ماڵی، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، لە پەیامیکی تویتیری هاوشێوەدا، داوی ئازادکردنی ئەو کەسانەیان لە ڕێژیمی ئێران کرد.