فاتمە مەولوودنەژاد، دایکی هاوڕێ حەسەن شێخانی، ئەندامی ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری سەردەشت ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ١٣ی خاکەلیوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، دایە فاتمە مەولوودنەژاد، دایکی کاک حەسەن شێخانی ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی ٨١ ساڵیدا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ورمێ ماڵاوایی لە ژیان کرد و بۆ هەمیشە دڵە پر لە هێواکەی لە لێدان کەوت.
دایە فاتمە نموونەی ئەو ژنە فیداکار و دەروەست و وەفادارانەی کوردستان بووە کە خۆشەویستی و ئۆگرییەکی زۆری بە ئازادی گەل ونیشتمانەکەی هەبووە و تا دوا ساتەکانی ژیانی ئاواتی ئازادی کوردستان و بینینەوەی ڕۆڵە پێشمەرگەکەی وێڕای هەموو پێشمەرگەکانی کوردستان بوو، کە بەداخەوە ئەو ئاواتەی بەدی نەهات و ماڵاوایی لە ژیان کرد.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێرای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچیدوایی دایە فاتمە مەولوودنەژاد، سەرەخۆشی لە کاک حەسەن شێخانی و سەرجەم بنەماڵەی بەڕێزیان دەکەین وخۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.