وڵاتانی ئوکراین و کانادا ڕایاندگەیاند کە، بۆ دەورەی دووهەمی وتووێژکردن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، بەنیسبەت خستنەخوارەوەی فڕۆکەی مەدەنیی ئۆکراین کە لەلایەن سپای پاسدارانەوە بە مووشەک، ئامادەیی خۆیان دەربڕی.
ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی ئۆکراین، ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی ڕایگەیاند، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لەگەڵ هاوتا کاناداییەکەی بابەتی دەورەی دووهەمی وتووێژکردن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە، لە پێوەندییەکی تەلەفوونیدا باسیان لەوە کرد و هاوکات ماڵپەڕی دەوڵەتی کانادا لە راپۆرتێکدا وتی: وەزیرانی دەرەوەی هەر دوو وڵات، پێداگرن لەسەر ئەوەیکە، بابەتی لەناوچوونی فڕۆکەکە بەدەستی سپای پاسداران بەلاڕێدا نەڕوات و ڕێژیمی ئێران ناچار بکەن ولامێکی ڕاست و دروست بداتەوە.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە، کانادا، ئوکراین و ئەو وڵاتانەی کە هاووڵاتییەکانیان لەو کارەساتەدا بریندار یان گیانیان لەدەستداوە، خوازیارن کە دەورەی نوێی وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەسپێبکەنەوە و ڕێژیمی ئێران دان بە تاوانەکەیدا بنێ و وڵامێکی ڕاستیان بدرێتەوە و هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا ئەوەش زیاد کراوە کە، دەبێ دادپەروەری لە پێوەندیی لەگەڵ قوربانیان و بنەماڵەکانیان بەڕێوە بچێ.