“فەیسەڵ بن فەرحان” وەزیری دەرەوەی عەرەبستانی سعوودی: ئاسایی کردنەوەی پێوەندیی عەرەبستان و ئیسرائیل، بەستراوەتەوە بە چارەسەری مەسەلەی فەلەستین و ئاسایی کردنەوەی پێوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل قازانجی زۆری لە ناوچەدا دەبێ.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی “ڕاشاتوودەی”، ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی “فەیسەڵ بن فەرحان”، وەزیری دەرەوەی عەرەبستانی سعودی وتی:” کە ڕێککەوتنی ئاشتییانەی ئیسرائیل و عەرەبستان، بەستراوەتەوە بە وتووێژ سەبارەت بە مەسەلەی فەلەستین”.
ناوبراو لە دژکردەوەی بە قسەکانی ئەو دواییانەی “بنیامین نەتانیاهوو” سەرۆک وەزیری ئیسرائیل کە بڕیاری جێبەجێکردنی هاتوچۆی ڕاستەوخۆی نێوان مەککە و تێلاویوی دابوو بە مەرجێک کە لە هەڵبژادنەکاندا سەرکەوێ وتی: “بڕوا ناکەم ئەو مەسەلەیە بەمزووانە ڕوو بدا و ئەوە زیاتر پێوەندیی بە بەرەوپێشبردنی ئاسایی کردنەوەی پێوەندییەکانەوە هەیە.
چەند مانگ لەمەوبەر چوار وڵاتی یەکیەتیی عەرەب و بەحرەین پێوەندیی خۆیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە کە دۆناڵد ترامپ سەرۆکۆماری پێشووی ئەمریکا لە ئاساییکردنەوەی ئەو پێوەندییانەدا ڕۆڵی سەرەکیی هەبوو و ئێستاکەش بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیل هیوادارن کە پێوەندیی نێوان ئیسرائیل و عەرەبستانیش ئاسایی ببێتەوە.
وەزیری دەرەوەی عەرەبستان لەو بارەوە وتی:” ئاسایی کردنەوەی دۆخی ئیسرائیل لە ناوچەدا قازانجی ئابووری و کۆمەڵایەتیی بۆ ناوچەکە بە گشتیی دەبێ و ئاسایی کردنەوەی دۆخی ناوچەکەش بەبێ چارەسەریی مەسەلەی فەلەستین جێبەجێ نابێ، بۆیە دەبێ ئیسرائیل تا ئەو جێگایەی بۆ دەگونجێ لەو بارەوە ڕۆڵی سەرەکیی ببێ.