نێد پرایس دەڵێ: بۆ ڕزگاربوونی ڕێککەوتنی بەرجام لەگەڵ وڵاتانی ڕووسیە، چین و ئورووپا هاوکاری دەکەین.
نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی هەینی ١٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە وتووێژێکدا بە هەواڵدەریی ئەلعەرەبییەی ڕاگەیاند کە چاوەڕوانی ئەوە نین کە ڕێککەوتنێکی خێرا لەگەڵ ئێران بکەین، بەڵام ئێمە وتووێژ بە هەنگاوێکی دروست و ڕوو بە پێشەوە دەزانین.
پرایس هەروەها ڕایگەیاند کە ئامانجی سەرەکیی ئێمە گەڕانەوەی ئێرانە بۆ بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنی ناوکیی و ئەوکات ئێمە دەتوانین گەمارۆکانی سەر ئێران کەم بکەینەوە.
هەرلەم پێوەندییەدا جۆی هود، یارمەتیدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لەهەمبەر سیاسەتی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران بە هەواڵدەریی ئەلعەرەبییەی ڕاگەیاند کە ئەگەر ئێران بگەڕیتەوە بۆ بەڵینەکانی لە ڕێککەوتنی ناوکیی، هێندێک لە گەمارۆکان لەسەر ئیران لادەچێ، بەڵام ئەو گەمارۆگەلەی کە پەیوەندی بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێراندا هەیە وەکوو خۆی دەمێنێتەوە.