ئەحمەد ئاقڵی باوکی شەهید عەلی ئاقڵی ناسراو بە دیاکۆ، بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، کاک ئەحمەد ئاقڵی باوکی شەهید عەلی ئاقڵی ناسراو بە دیاکۆ، بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد و بۆ هەمیشە دڵە گەورە و پر لە هیواکەی لە لێدان کەوت.
کاک ئەحمەد سەر بە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر و دێموکراتدۆستی شاری مەهاباد بووە کە بەهۆی خۆشەویستی بۆ گەل ونیشتمانەکەی جگەرگۆشەیەکی بەناوی شەهید عەلی ئاقڵی ناسراو بە دیاکۆ پێشکەش بە بارەگای ئازادی کوردستان کردووە.
شەهید عەلی پێشمەرگەیەکی ئازا و بە جەرگی حیزبی دێموکراتی کوردستان بووە کە لە هیچ فیداکارییەک بۆ حیزب و گەڵەکەی دریغی نەکردووە، بەداخەوە لە ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی لە ناوچەی مەریوان شەهید دەبێ و تیکەڵ بە نەمرانی مێژوو دەبێ.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچیدوایی کاک ئەحمەد ئاقڵی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان وسەرجەم خزم و کەسوکاریان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.