لە دادگای نێونەتەوەیی خەڵکیی بۆ پێڕاگەیشتن بە پەروەندەی کوژراوەکانی مانگی خەزەڵوەر لە ئێران بە سەدان کەس وەکوو شاهیدی ڕووداوەکە بەشداریی دەکەن.
“داداگای نێونەتەوەیی خەڵکیی مانگی خەزەڵوەر” کە پێنج مانگ لەمەوبەر لە یەکەمین ساڵوەگەڕی جینایەتەکانی مانگی خەزەڵوەر ١٣٩٨ی هەتاوی دەستی بە کارەکانی کردبوو و بەهۆی پەرەسەندنی کۆرۆنا ڕاگیرابوو و بڕیار وایە لە مانگی پووشپەڕدا لە شاری “لاهە” لە هولەند دەست بەکار بێتەوە.
“حەمید سۆبی” یەکێک لە ئەندامانی هەیئەتی مافزانی ئەو دادگایە دەڵێ:”زیاتر لە ٢٠٠شاهید لە دادگادا شاهیدی دەدەن کە بریتین لە بنەماڵەی کوژراوان، ئەو کەسانەی کە برینداربوون و ئێستاش گولـلە و پڕیشکی گولـلەیان لە گیانیاندا ماوە و بەشێک لەو کەسانەی کە ڕاستەوخۆ شاهیدی ڕووداوەکە بوون و بەشێكیش لە مەئموورانن.
دەستپێشخەری وەڕێخستنی ئەو دادگا خەڵکییە لەلایەن خەڵک و چەند ناوەندی مافی مرۆیی، وەک “داد بۆ ئێران”، “مافی مرۆڤی ئێران” و “یەکگرتووی لەدژی سزای لەسێدارەدان” بەدواداچوونی بۆ دەکرێ.