دیپلۆماتکاری پێشووی ئەمریکا لە باکووری سووریە وتی: هێرشی تورکیە بۆ سەر باکووری سووریا بووە هۆی دەرکردنی حەشیمەتێکی بەربڵاو لە کوردەکان.
ڤیلیام ڕووباک، دیپلۆماتکار و نێردەی پێشووی ئەمریکا لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی کوردەکانی سووریە ڕایگەیاند: هێرشی ساڵی 2019ی زایینی تورکیە بۆ سەر ناوچەی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردەکانی سووریە، بووە هۆی دەرکرانی حەشیمەتێکی بەربڵاو لە خەڵکی کورد. بۆ نموونە، کوردەکان لە شارێکی وەکوو “گرێ سپی” لە باکووری سووریە، بەهۆی هێرشی تورکیەوە بەتەواوی لەو شارە چوونە دەرەوە.
جێگری پێشووی نوێنەری ئەمریکا لە هاوپەیمانی دژ بە داعش، جەختی کردەوە کە فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا کە لە ناوچەی ژێرکۆنترۆڵی کوردەکانی سووریە بوون، بە فەرمانی ترامپ بۆ چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەو ناوچەیە تووشی شۆک بوون و ئەو بڕیارە کاریگەریی زۆری کردە سەر هاوپەیمانی کوردەکانی سووریە و دەوڵەتی ئەمریکا.
هەروەها ناوبراو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە، هێرشی تورکیە بۆ سەر ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی کوردەکان لە ڕۆژاوای کوردستان لە ساڵی 2019ی زایینییەوە بووە هۆی پاکتاو کردنی ڕەگەزی کوردەکان لەو ناوچە و هەوڵی دژە مرۆڤانەی بەرانبەر کوردەکان بەدواوە بوو.