پێشبینییەکانی ناوەندی کەشناسیی ئێران ئەوەیان خستۆتە ڕوو کە ئەگەری زۆری هەیە لە مانگەکانی داهاتوودا بەهۆی باران بارینی کەمەوە، ویشکەساڵی قورس لە ئێران ڕووبدات.
ناوەندی نەتەوەیی ویشکەساڵی و بەڕێوەبەری قەیران لە ڕێکخراوی کەشناسیی ئێران دەڵێ: ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی، ویشکەساڵییەکی چاوەڕواننەکراو و قورس باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئێران دەگرێتەوە و “ئەحەد وەزیفە” بەڕێوەبەری ئەو ناوەندە دەڵی: ئەو پێشبینییەی کە کراوە بەو هۆکارەیە کە دەرفەتی باران بارین زۆر کەمە و لە ساڵی ڕابردووشدا بارانی پێویست نەباریوە.
هەروەها زانیارییەکانی ناوەندی نەتەوەیی کەشناسیی ئێران، باس لەوە دەکەن کە ساڵی ٩٩ی هەتاوی لە ئێران، تەواوی ناوچەکانی وڵات لە ویشکەساڵیدا بووە و تەنانەت لە هەندێک ناوچە سەدا ١٠٠ لە نێونجی درێژماوەی باران بارین، کەمتر باران باریوە و لەهەندێک لە ناوچەکانی دیکەی ئێران هیچ چەشنە باران بارینێک لە ئارادا نەبووە.