لە ساڵی ڕابردووا لانیکەم ٩٠٠ مامۆستای زانکۆ ئێرانیان بەجێ هێشتووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی زانیارییەکانی زانکۆی ئاستنفۆرد لە ئاڵمان، خوێندکارانی ئێران بەهۆی نەبوونی جێ و شوێنی زانستیی و کار و پیشەی شیاو بۆ درێژەپێدانی ژیان، بەشێوەیەکی بەرچاو وڵات بەجی دەهێڵن کە تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا ٩٠٠ کەس لە مامۆستایانی زانکۆ ئێرانیان بەجێ هێشتووە، بەڵام ئاڵمان ئەو هاوکارییە زانستییە لەلایەن نوخبە ئێرانییەکان بە سوودمەند دەزانێ.
لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە مامۆستایانی زانکۆکانی ئێران، لە سیاسەتی بەڕێوەبرنی زانکۆکانی وڵاتەکەیان ناڕازین، چونکە بۆ ئەوان نیشاندانی ڕوخسارێک لە سیستمێکی مۆدێرنی ئاکادیمی چ لە نێو ئێراندا زۆر گرینگە .
کردنکۆچی مامۆستایانی زانکۆ، لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی لە دوای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی، بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە و بەپێی لێکۆڵینەوەیەک لە ساڵی ڕابردوودا لە سەرەتای ئینقلابەوە تا ئێستا لانیکەم ٣ میلیۆن و ١٠٠ هەزار ئێرانی ولاتیان بە جێ هێشتووە کە دەبێتە سەتا ٣.٧ی حەشیمەتی ئێران.
جێی ئاماژەیە کە سەتا ٩٠ی ئەو کەسانەی کە لە ساڵی ١٣٥٧دا لە دەرەوەی وڵات درێژەیان بە خوێندن دەدا دەیانویست دوای تەواو بوونی قۆناغی خوێندنەکایان بگەڕێنەوە بۆ ئێران و خزمەت بە خەڵکەکەی خۆیان بکەن، بەڵام ئەو ڕێژەیە ئێستا بووەتە سەتا ١٠ و لە ئێستادا ١١٠ هەزار ئێرانی لە زانکۆکان و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی دەرەوەی ئێران کار دەکەن کە دەبێتە ١ لە سەر ٣ی ئەو کەسانەی لە زانکۆکانی نێوخۆی وڵات کار دەکەن.