محەممەد سەعید شەریفی، پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەهۆی نەخۆشییەوە لەشاری هەڵەبجە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ١٠ی خاکەلیوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، کاک محەممەد سەعید شەریفی، پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکرات و کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر لە شاری هەڵەبجە بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لەژیان کرد و دڵە گەورە و پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت.
کاک محەممەد سەعید لە سەرەتای لاویەتییەوە تیکەڵ بە کاروانی خەباتکارانی نیشتمان دەبێ و لە باشووری کوردستان تا نسکۆی شۆڕش لە ساڵی ١٩٧٥ی زایینی بەشداریی لە خەباتی حەقخوازانەی گەلی کوردی لە باشووری کوردستانی کردووە.
پاش دەسپێکردنەوەی شۆڕش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کاک محەممەد سەعید دەبیتە یەکێک لە فەرماندەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات لە هێزی شاهۆ و لە شەڕی داسەپاوی شاری پاوە لەلایەن تاڵانچییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، هەموو سەروەت وسامانی کاک سەعید دەستی بەسەردادەگێرێ و ئاوارەی باشووری کوردستان دەبێ.
لە کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەدا سەرەڕای ئاوارەبوونی ژن ومنداڵ و بەگشتی دانیشتوانی شاری هەڵەبجە بەرەوە ڕۆژهەڵات کاک حەمەسەعید لە نێوشار خۆی حەشاردەدا کە دواجار لەلایەن هێزەکانی سەربە قەرارگای ڕەمەزانەوە دەسبەسەر دەکرێ و ڕەوانەی ئیتلاعاتی شاری پاوە و دواتر ڕەوانەی بەندیخانەی دیزڵئاوای کرماشانی دەکەن.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچیدوایی کاک محەممەد سەعید شەریفی سەرخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان وسەرجەم خزم وکەسوکاریان دەکەین وخۆمان بەشەریکی خەمیان دەزانین.