بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران نیگەرانن لەوەیکە خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا بەشدار نەبن ڕووحانی دەڵێ: کەمتەرخەمیی خەڵک کۆتایی هەموو شۆڕشەکانە.
حەسەن ڕووحانی، سەرۆککۆماری ئێران ڕۆژی چوارشەممە ١١ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆبوونەوەی هەیئەتی دەوڵەتدا سەرەڕای دەربڕینی نیگەرانییەکانی خۆی لە هەمبەر بەشداری نەکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا وتی: ئەگەر خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا کەمتەرخەم بن و بەشداری نەکەن کۆتایی هەموو شۆڕشەکانە و لەنێوچوونی هەموو هەوڵەکانی خەڵکی ئێرانە لە دەورانی میرزای شیرازییەوە تا ئێستا.
ناوبراو بە جەختکردنەوە لەسەر گرینگی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لە ئێراندا وتی: لە ئێستاوە تاکاتی هەڵبژاردن ٤ مانگ کاتمان لەبەردەستدایە و هەرکاتژمێرێکی بۆ بڕیاردان زۆر گرینگ و هەستیارە و دەبێ زۆر بە هوشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ خەڵک بکرێ.
ڕووحانی لەو کۆبوونەوەیەدا جارێکی دیکە پرسی چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵاتی لە ڕێگای ڕیفراندۆمەوە هێنایە بەرباس و وتی: بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵات هیچ ڕێگاچارەیەک بێجگە لە جیبەجێکردنی ئەسڵی ٥٩ی یاسای بنەڕەتیی لە ئیراندا نییە، خەڵک بەدەنگدان یاسایی بنەڕەتییان پەسەند کردووە و بە ریفراندۆم و ڕاپرسی گشتیی لە ئیراندا دەتوانین کێشەکانی وڵات چارەسەر بکەین.
ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێ: ٤ پرسیاری سەرەکیی بۆ گشتپرسی لە ئارادایە؛ سیاسی، ئابووریی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و دڵنیام بە ڕێفراندۆمێک هەموو کێشەکان چارەسەر دەبێ و شەڕی باڵەکانی نێو دەسەڵاتیش کۆتایی پێدێ. هەرچەند ئێران وڵاتی سویس نییە، کە ئەگەر ١٠٠هەزار کەس داوای ڕێفراندۆمیان کرد رێفراندۆم بەڕێوە بچێ، ئێران زۆر جیاوازە و بە ئاسانی لەو وڵاتەدا ڕیفراندۆم ناکرێ.