عەباس عەبدی، شڕۆڤەکاری سیاسی، بە ڕەخنەگرتن لە قسەکانی عەلی خامنەیی لەهەمبەر” بێ سەروبەرەیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان” وتی: هەواڵدان بۆ دەستەبەرکردنی ئینتێرنێتی نەتەوەیی، هەوڵدان بۆ سانسۆر و چاوەدێری کردنە.
عەباس عەبدی، ڕۆژی چوارشەممە ١١ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ” هەواڵ ئانلاین” جیاکردنەوەی بڵاوکراوەکان و تۆڕە کومەڵایەتییەکانی لە نێوخۆی ئێران بە هەڵە ناوبرد و وتی: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بڵاوکراوەکان دوو جیاوازی سەرەکییان پێکەوە هەیە. یەکەم ئەوەیکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەموو جیهان پێکەوە هاوبەشن و هیچ سنوور و بەربەستێک بۆ پێیوەندیی لە ئارادا نییە.
دووهەم ئەوەیکە چالاکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێراندان، ئازادن و کەس ناتوانی پێیان بڵێ کە چی بنووسن و چی نەنووسن، بەڵام ئەوانەیکە لە ئێراندا ژیان دەکەن زۆر سروشتییە دەبێ لە چوارچێوەی یاسا بنەڕەتییەکانی ئێراندا بنووسن.
خامنەیی لە قسەکانی نەورۆزیدا بە وتنی ئەوەیکە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بێ سەرەوبەرەیی پێوەدیارە دوای لە بەرپرسانی ڕێژیم کردبوو کە بە توندی چاوەدێری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەن.
عەبدی، گەڵاڵەی سەربەخۆیی ئێرانی لە ئینتێرنێتی جیهانی بە بیانوو ناوبرد و وتی: شتێک بەناو ئینتێرنێتی نەتەوەیی و سەربەخۆیی لە ئارادا نییە تەنیا ئامانج کونترۆڵ کردن و سانسۆڕکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە.