وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا لەبارەی دۆخی مافی مرۆڤ لە جیهاندا، کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە عێراق، سووریە و یەمەن تۆمەتبار کرد.
وەزارەتی دەرەوی ئەمریکا لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە مافی مرۆڤ، لە ئێراندا ڕایگەیاند: بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و میدیاکان، ڕێژیمی ئێران لە جێبەجێکردنی سزادانی چالاکانی سیاسی، مەدەنی، ژینگەیی، فەرهەنگی، وەرزشی و ئەشکەنجە و لەسێدارەدان بەردەوامە و ڕێژیمی ئێران نە تەنیا لە ناوخۆ بەڵکوو لە وڵاتانی دەرەوەی ئێران پشتیوانی سەربازی لە بەشار ئەسەد و هێزەکانی حیزبوڵا دەکا و مافی مرۆڤ لە سووریەش پێشێلدەکا.
لەو ڕاپۆرتەدا سەبارەت بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران، لە کاروباری عێراقدا هاتووە کە ڕێژیمی ئێران ڕاستەوخۆ پشتیوانی لە میلیشیاکانی کەتائیبی حیزبوڵا دەکا و لە لەسێدارەدانی بەبێ دادگایی و بێسەروشوێنکردن و پێشێلکردنی مافی کەسانی مەدەنی لە عێڕاقدا دەستی هەیە.