بە ئاشکرابوونی ناسنامەی یەکێکی دیکە لە گیراوانی نەورۆزی بانە ژمارەی دەسبەسەرکراوان گەیشتە ٥ کەس و ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی دەسبەسەرکراوەکانیش لە ئارادایە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی ه مافی مرۆڤی هنگاو، ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو ٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، هاوکات لەگەڵ هەڵکوتانە سەر گوندی “یاکوباوا” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە شاری بانە، لاوێکی تەمەن ٢٤ ساڵی دیکەش بە ناوی “جەلیل خودایی” دەسبەسەر کراوە و تا ئێستا ٥کەس بەتۆمەتی بەشداری لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی “بانە” دەسبەسەر کراون.
شایانی باسە کە، ئەو ٥ کەسە دوای دەسبەسەرکرانیان بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە و سەرباری بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکانیان، هیچ هەواڵێک لە سەر شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لە بەر دەست دا نییە و لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا زیاتر لە ١٠ هاووڵاتیی دیکە لە شارەکانی سنە، مەریوان و شنۆ هەر بەو تۆمەتە دەسبەسەر کراون.