ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ئامارێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٠ی زایینیدا، لە ئێران ٢٦٧کەس لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە سێدارە دراون.
بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، زیاتر لە ٢٦٧کەس لە ئێران سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە و جێبەجێ کراوە. هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، بە هەڵسەنگاندن و شڕۆڤەکردنی سزای لە سێدارەدان لە ساڵی ٢٠٢٠ی زایینی، لەگەڵ ئەوەی پەتای کۆرۆنا لە وڵاتدا هەبوو، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی وەکوو ساڵانی پێشووتر سزای لە سێدارەدان و ئەشکەنجەدانیان درێژە پێ داوە و کۆماری ئیسلامی لە سزای سێدارە وەکوو کەرەستەی سەرکوتکردن بۆ دژبەرانی سیاسیی خۆی کەڵک وەردەگرێ، بۆ نموونە هاووڵاتییانی ناڕازی، کەمینە نەتەوەییەکان و ڕۆژنامەنووسان.
جێی ئاماژەیەوە کە لە تەواوی جیهاندا کۆماری ئیسلامی یەکەمین حکوومەتە کە سزای سێدارە لەسەر منداڵ جێبەجێ دەکات و منداڵان بە تۆمەتی جۆراوجۆر دەسبەسەر دەکات و لە نێوان ئاماری لە سێدارەداندا، چوار منداڵیش هەن کە ڕێژیمی ئێران لە سێدارەی داون.