نوێترین بەرهەمی “عەباس زەندی” نووسەر و رۆژنامەوانی خەڵکی شاری سنە، بە ناوی “وەرزەکان” لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاپ و بڵاو کرایەوە.
عەباس زەندی خەڵکی شاری سنە، دەرچووی بواری ئەندازیاری و مامۆستای وەرزشی “کونگ فۆ توئا” و دامەزرێنەری هۆڵی وەرزشی “نەبەز” لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە.
“وەرزەکان” کتێبێکە بۆ منداڵان و مێرمنداڵانی کورد، بە زمانی کوردی و بەشێوەی شێعر نووسراوە.
ئەم کتێبە شازدە لاپەڕەییە، بە بیست و پێنج وێنە ڕازاوەتەوە و سەبارەت بە وەرزەکان و تایبەتمەندییەکانیان، و ئەوەیکە کوردستان وڵاتێکە کە چوار وەرزی ساڵ لەوێ بە جوانی دەردەکەوێت، باس دەکا.
ئەم کتێبە لەلایەن دەزگای چاپەمەنی ویهان و مانگەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
عەباس زەندی خاوەنی چەند بەرهەمێکی دیکەیە، بەشێک لەوانە نووسین و نیگارکێشانەکەی کاری خۆی بووە و بۆ چەند کتێبیش وێنەی کێشاوە و پێشتر لە رۆژهەڵاتی کوردستان چاپ و بڵاو کراونەتەوە، بۆ نموونە: خوا لە کوێیە، مشک و پشی، سەگە ڕەش و کاکەشوان، جووجەڵە زەردە، قۆخ، یادی بەخێر ئەو رۆژانە و داد و بیداد.
جێی ئاماژەیە کە ناوبراو ئێستاکە لەگەڵ بنەماڵەکەی نیشتەجێی وڵاتی تورکیەن.