وەزیری دەرەوەی عەرەبستان دەڵێ: هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین بۆ ئاسایش و سەقامگیری و چارەسەرکردنی کێشەکانی سووریە و پاراستنی خەڵکی سووریە.
فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی عەرەبستان، ڕۆژی سێشەممە ١٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە ڕێککەوتنێکی سیاسیی، بە چاوەدێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، تەنیا ڕێگا چارەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکانی وڵاتی سووریە.
ناوبراو لەو کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەدا داوای لە ئێران کرد کە بەرنامەکانی ئاڵوگۆڕی حەشیمەتیی و ئایینیی خۆی بۆ شێواندنی جوغرافیایی وڵاتی سووریە ڕابوەستێنێ و کۆتایی بە دەستێوەردانەکانی لە وڵاتی سووریە بێنێ.
وەزیری دەرەوەی وڵاتی عەرەبستان هەروەها وتی: ڕیاز هەموو هەوڵێک دەدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی قەیرانی سووریە و ئیزن نادا کە ئاسایشی خەڵکی سووریە لەهەمبەر هێرشی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان و میلیشیاکانی سەر بە ڕیژیمی ئێران بکەوێتە مەترسییەوە.