کۆمەڵانی خەڵکی تێکۆشەری کوردستان
لە ١٠ی خاکەلێوە ئەمساڵدا ٧٤ ساڵ بەسەر شەهید بوونی پێشەوا قازی محەممەد سەرۆک کۆمار و دامەزرێنەری کۆماری کوردستان، ئەبولقاسمی سەدری قازی، محەممەدحوسێن خانی سەیفی قازی تێدەپەڕێ.
٧٤ ساڵ لەمەوبەر پێشەوا و هاوڕێیانی لە مەیدانی چوار چرای مەهاباد لەلایەن ڕێژیمی پەهلەوییەوە لە سێدارە دران و گیانی ئازیزیان لە پێناو ئامانجە بەرزەکانی کۆماری کۆردستان و گەلی کورد بەخت کرد.
ىڕیاری لە سێدارە دانی پێشەوا و هاوڕێیانی لە دادگایەکی سەربازیی ناجوامێرانە و نادادپەروەرانەدا لە ڕێکەوتی ٣ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٢٥ دەرکرا و بە داخەوە ئەم بڕیارە و شەهید کردنی پێشەوا کۆسپێکی گەورەی خستە بەردەم ڕەوتی بەرەوپێشچوونی هەنگاوەکانی کورد بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجی رزگاری نەتەوەیی و لە بار چوونی کۆماری پیرۆزی کورستان.
دروستبوونی کۆماری کوردستان لە کات و ساتێکدا بوو کە بە هۆی شەری دووهەمی جیهانی بۆشایەکی گەورە لە ناوچەکانی رۆژئاوای ئێران پێکهاتبوو و لە هەمان کاتیشدا هەستی نەتەوایەتی لەو سەردەمدا بە باشی گەشەی کردبوو کە دەوری کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد ( کۆمەڵەی ژ.ک) نابێ و ناکرێ لەبەر چاو نەگیرێت. پێشەوا و شۆرشگێرانی ئەو کاتی کورد بە لێکدانەوەیەکی دەقیق و قۆستنەوەی هەلی گونجاوی ئەو سەردەم، کۆماریان ڕاگەیاند.
ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران دووپات و چەند پاتی دەکاتەوە کە درێژەدەری ڕێگەی پیرۆزی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی و هەموو شەهیدانی سەربەرزی کوردستانە و ئەزموونە بەنرخەکانی وەک چرای ڕێنوێنی بزووتنەوەکەمان دەبینێ و کەڵکی لێوەردەگرێ، هەوڵ دەدا بە تەبایی و یەکدەنگی هەرچی زیاتری نێوان هێزە کوردییەکان، ئاواتی پیرۆزی پێشەوا قازی محەمەد و هەموو شەهیدانی کوردستان بە ئامانج بگەیەنە و رزگاری و ئازادی بۆ گەلی کورد وەدی بهێنێت.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
١٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی