یەکیەتیی ئورووپا، چەندین بەرپرسی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بەهۆی پێشێلکردنی مافی مڕۆڤەوە خستە لیستی گەمارۆکانیەوە.
هەواڵدەریی ڕۆیتێرز،ڕۆژی سێشەممە ١٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لەزاری سێ کەس لە دیپلۆماتکارانی یەکیەتیی ئورووپا ڕایگەیاند کە بۆ یەکەمین جار لە ساڵی ٢٠١٣ی زایینییەوە، بڕیارە یەکیەتیی ئورووپا ڕەزامەندی خۆی بۆ گەمارۆ خستنەسەر چەندین کەس لە بەرپرسانی ئێرانی بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤەوە لە ئێران دەرببڕێ.
بە وتەی ئەم دیپلۆماتکارانە، یەکیەتیی ئورووپا، گەمارۆی ئابووری دەخاتەسەر ئەو بەرپرسانە و هەروەها ئیزنیان پێنادا سەفەری وڵاتانی ئورووپایی بکەن و لەم بارەوە ڕایانگەیاند ئەو کاتەی کە گەمارۆکان لەسەر ئەو کەسانە دەچێتە بواری جێەجێکردنەوە، ناوی ئەو کەسانەش لە میدیاکان بڵاودەکرێتەوە.
هەروەها ئەم سێ دیپلۆماتکارە ڕایانگەیاند کە یەکیەتیی ئورووپا گەمارۆ دەخاتە سەر٨٠ کەس لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کە لە ساڵی٢٠١١ی زایینییەوە، لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا دەستیان هەبووە.