(پەیامی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی حیزب بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان کە لەلایەن خاتوو خەدیجە مەعزووری، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتییەوە پێشکێش کرا)
بنه‌ماله‌ی سه‌ر به‌رزی شه‌هیدان!
کادر و پێشمه‌رگه خۆشه‌ویسته‌کان!
هاونیشتمانانی خۆشەویست!
ئه‌مرۆ لە سەر گڵکۆی شەهیدان کۆ بووینەوە، تا ڕێورهسمی١٠ی خاکه‌لێوه، ڕۆژی شه‌هیدانی کوردستان له‌گه‌ڵ بەشێک لە بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان، هاوسهنگهرە به وه‌فاکانی شه‌هیدان، واته کادر و پێشمه‌رگەکان، به‌رێوه به‌رین و له به‌رانبه‌ر ڕوحی نه‌سره‌وتووی شەهیدان و گلکۆی بەگۆڵ ڕازاوەی شه‌هیداندا سه‌ری ڕێز دانوێنین و بە ده‌نگێکی بەرز په‌یمان تازه که‌ینه‌وه که هاوسه‌نگه‌ر و ڕێبواری ڕێگای تا سه‌ری شه‌هیدان بین.
هاوسەنگەران!
پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌دی نه‌مر له ماوه‌ی که‌می پێکهێنانی کۆماری کوردستاندا گه‌لێک ده‌سکه‌وتی بۆ گه‌لی کورد ده‌سته‌به‌ر کرد، به‌ڵام به داخه‌وه تەمەنی کۆمار که‌م بوو، و نەکرا گه‌لی کورد له به‌روبووی ده‌سکه‌وته‌کان بە ئاسوودە بژی و بحه‌سێته‌وه. بەشێک لەم ده‌سکه‌وتانه بریتی بوون له پێکهێنانی سوپای کوردستان، به‌فەرمی ناساندنی زمانی کوردی و به‌کار هێنانیان له قوتابخانه‌کان، ناردنی ژماره‌یه‌ک خوێندکار بۆ وڵاتانی دەرەوە بۆ خوێندن، به‌شدارکردنی ژنان له کاروباره سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، گرینیگیدان به چاپه‌مه‌نی و ئازادیی ڕاده‌ربرین و گه‌لێک ده‌سکه‌وتی دیکه. ئه‌م ده‌سکه‌وتانه بۆ ئەوە بوون کورد له به‌ری بحه‌سێته‌وه، بەڵام بۆ چەسپاندنی ئەم دەسکەوتانە مه‌ودا که‌م بوو، ته‌نیا ١١ مانگ بوو، که وابوو نه‌یانهێشت کورد به ئاواته لەمێژینەکانی بگا، به‌ڵام ئه‌م ده‌سکه‌وتانه له تاریخی گه‌لی کورددا تۆمار کرا و له زێهنهکاندا چه‌سپی و له ڕاستیدا به‌رچاو ڕوونی و ڕێگا و زێهنییه‌تێکی ئەرێنیی به گه‌لی کورد دا، که کورد ده‌بێ چاره‌نووسی خۆی به ده‌سته‌وه بگرێ و وه‌ک نه‌ته‌وه سه‌ربه‌سته‌کانی سه‌رزه‌وی، خاوه‌ن زمانی زگماکی و خاوه‌ن سه‌روه‌ری و کیان و نیشتمانی خۆی بێ.
هاوڕێیانی خۆشەویست!
دوژمنان و ڕێژیمه سه‌ره‌ڕۆکان چاوی دیتنی به‌خته‌وه‌ری و سه‌رکه‌وتنی کۆماری کوردستانیان نه‌بوو، هه‌ربۆیه حه‌مه‌ڕه‌زا شا ده‌ستووری گرتن و ئێعدامی قازی محه‌ممه‌د و هاوڕێیانی دا و پاش دادگاییەکی ڕواڵەتی له ١٠ی خاکه لێوه‌ی ١٣٢٦ی هه‌تاوی له مه‌یدانی چوارچرای مهاباد له سێداره‌ی دان، به‌و ئامانج و هیوایەی کە کوردی پێ چاوترسێن بکا و ده‌نگی مافویستانه‌ی کپ بکا و ده‌رفه‌تی هه‌ستانه‌وه‌ی دووباره‌ی لێ بستێنێ. به‌ڵام نه‌یانزانی، ئه‌گه‌ر سه‌ری ڕێبه‌رێک لێ بده‌ن، نه‌ته‌وه‌یه‌ک نامرێ و به پێچه‌وانه ڕیشەی له‌سه‌ر خوێنی شه‌هیدان شین دەکاتەوە، کورد به‌م جۆره ڕووداو و کاره‌ساتانه بەچۆکدا نایە، بەڵکوو وەک نەریتی هەمیشەیی ڕێگای گه‌وره پیاوانی وه‌ک قازییه‌کان به لێبراوی درێژه ده‌دا.
له‌و ڕۆژه و له‌و ڕووداوه ٧٤ ساڵ تێده‌په‌رێ. ئهگهر١٠ی خاکه‌لێوه ڕووداوێکی گه‌لێک پر ئێش و ئازار بوو، و له مێژووی گه‌لی کورددا وه‌ک بیره‌وه‌رییەکی ناخۆش سه‌یری ده‌کرێ، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر ڕۆژێکی دڵتەزێن بوو بۆ سه‌رجه‌م گه‌لی کورد، له به‌رانبه‌ردا ڕۆژی وشیاربوونەوە و وه‌خۆ هاتنهوەی زیاتری گه‌لی کورد بوو له‌سه‌ر ماهییه‌تی ڕێژیمه سه‌ره‌ڕۆکان به تایبه‌ت ڕێژیمی سه‌ره‌ڕۆ و به‌ستراوه به بێگانه‌ی وه‌ک حه‌مه‌ڕه‌زا شای په‌هله‌وی و مۆره‌کانی ده‌ورووبه‌ری.
بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان!
بۆچی حیزبی دیمۆکرات ئه‌م ڕۆژه‌ی وه‌ک ڕۆژی شه‌هیدانی کوردستان دیاری کردووه؟
یەکەم شت ئەوەیە: له‌م ڕۆژه‌دا یه‌که‌م سه‌رکۆماری کوردستان، قازی محه‌ممه‌د و هاوڕێیانی سەدری قازی و سەیفی قازی له پێناو ئازادی و به‌خته‌وه‌ریی گه‌لی کورددا، له لایه‌ن ڕێژیمی حه‌مه‌ڕه‌زا شاوه ناجوانمێرانه له‌دار دران و شه‌هید کران.
دووهەم شت ئەوەیە: بۆ ڕێزگرتن و وه‌فاداری و ئه‌مه‌گناسی ده‌ربرین له به‌رانبه‌ر گیانبهختکردوویی ئه‌و جوانمێره شه‌هیدانه‌ی کۆمار و به‌هۆی ئه‌وه‌ی زۆر له‌و ڕۆڵه قاره‌مان و میراتگرانه‌ی کۆماری کوردستان هاتنه مه‌یدان و شه‌هید بوون، ئه‌م ڕۆژه به ڕۆژی شه‌هیدان ناودێر کراوه. چونکه ئه‌م شه‌هیدانه ڕێچکه‌گر و ڕێبواری شه‌هیدانی ١٠ خاکهلێوهن که ئاگاهانه و بوێرانه و به سه‌خاوه‌ته‌وه گیانیان پێشکه‌شی باره‌گای سه‌ربه‌ستیی گه‌لی کورد کرد.
هاومهتهرێزانی شه‌هیدان له حیزبی دێمۆکراتی کوردستان له‌گه‌ڵ ڕوح و خوێنی هه‌موو شه‌هیدانی کوردستان و خه‌ڵکی ئازادیخوازی کوردستان، بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان و زیندانیانی سیاسیی نێو زیندانه‌کان که چاوه‌ڕوانی حوکم و سزای بهناحهقن، عه‌هدیان به‌ست به ڕێگا و ئامانج و ئاواتی وه‌دینه‌هاتووی هه‌موو ئه‌و مرۆڤه نه‌ترس و بهباوهرانه وه‌فادار بن و ئه‌وه‌شیان به کرده‌وه و به خوێنی خۆیان سه‌لماند.
هاوڕێیانی خۆشه‌ویست!
لە ماوەی زیاتر لە ٤٢ ساڵ حاکمییەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی‌دا ڕۆژ نییە شاهیدی ڕەفتار و کرده‌وه‌ی قێزەون و جینایەتکارانە و پێشێلکردنی بەها ئینسانییەکان نەبین و _هەر لەو سەروبەندەشدا شاهید بووین_ ڕۆژ نییە دەست و پێوەندییەکانی ڕێژیم بۆ چاوترسێنکردن، ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی و ژینگە پارێزی، ڕووناکبیر و ڕۆژنامه‌نووس، ئەدیب و نووسه‌ر، چالاکی سیاسی و دەروەست قۆڵبه‌ست نه‌کا و ڕه‌وانه‌ی زیندانه‌کان نه‌کا و ئەشکەنجەی ڕوحی و ڕەوانییان نەدا و حوکمی قورسیان نەداتێ و سزای ئیعدامیان له‌سه‌ر جێبەجێ نەکا. بەردەوامی ئەو ڕەفتار و هەڵسوکەوتە نامرۆڤانەیە بۆتە هۆی ئەوە دادگای لاهە بە بەڵگە ژمارەیەک لە کاربەدەستانی گرینگی ڕێژیم بانگ بکا بۆ وەڵامدانەوە بە تاوانی جینایەت دژی مرۆڤ و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ.
هاوڕێیان!
لە لایەک گەلانی ئیران بە گشتی و گەلی کورد و گەلی بەلوچ بە تایبەتی له چنگ ناعه‌داله‌تی، بێ‌کاری و گرانی له ڕاده‌به‌ده‌ر و ئاوسانی دراوی و نه‌بوونی پێداویستییه‌کانی ژیان و کوشتنی کۆڵبەران و سووختبەرانی بەستەزمان و بێدەرەتان، په‌ره‌پێدان به دیارده نەخوازراوەکان وه‌ک ئیعتیاد و شتی لەو بابەتە وەزاڵە هاتوون و لە لایەکی دیکەوە گوشار و ته‌حریمی نێونه‌ته‌وه‌یی به تایبه‌ت ته‌حریمی ئابووری ڕۆژ به ڕۆژ لەسه‌ر شان و پیلی گەلانی ئێران قورسایی ده‌کا و خه‌لکی هیلاک کردووه و ده‌سه‌ڵاتداران هەروا بۆ مانەوەیان لە دەسەڵات لاسارانه درێژە بە کردەوەی ناپەسند دەدەن و بۆ وەپشت گوێخستن و وەڵامنەدانەوە بە داوای ڕەوای کۆمەڵانی خەڵک، لە بواری نێودەوڵەتییەوە کێشە و کەیسی ئەتۆمییان گەورە کردۆتەوە و وا بە بیروڕای جیهانی دەگەیەنن کە لە ئێران هیچ کێشەیەک لە گۆڕێ‌دا نییە بێجگە لە کێشەی ئەتۆمی. لە کاتێکدا ئێران تەژی لە کەموکوری و بەدبەختی و هەناسەساردییە، بەڵام کۆماری ئیسلامی بەردەوام کێشەی ئەتۆمی وەک کارتێک بەکار دێنێ بۆ ئەوەی بیروڕاکان بە لاڕێدا بەرێ. ئیدی ئەم تەرفەندانە لە ڕادەی نێوخۆیی و نێونەتەوەییدا کاراییان نییە و لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا ماهییەتی دژی ئینسانیی حاکمانیان بۆ ڕوون بۆتەوە. هەربۆیە دەست و پێوەندییەکانی ڕێژیم بەردەوام خەریکی دۆزینەوەی نەخشە و پیلانی تازەن. هەرچەند بەدوای کوژرانی قاسم سلێمانی تا ڕادەیەک ناوچە ڕووی ئەهوەنی بەخۆیەوە دیوە، بەڵام دیسان کۆماری ئیسلامی له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست درێژه بە سیاسەتە چەوتەکانی ده‌دا و ده‌ست له گێره‌شێوێنی و یارمه‌تیدان به دۆستانی له وڵاتانی ناوچه هه‌ڵناگرێ. هه‌موو ئه‌و هه‌وڵه دژە ئینسانیانهشی بۆ ئه‌وه‌یه که پایه له‌رزۆکه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی خۆی قایم بکا و ماوەیەکی دیکەش درێژه بە دەسەڵاتەکەی بدا. بەڵام نازانی شەپۆلی پڕ لە قینی پەنگخواردووی خەڵک بەڕێوەیە و ئەوەندە بەهێزە کە ڕیشە و بنیادی ئاخوندان لەبن دەردێنێ.
خه‌ڵکی ئازادیخواز و نیشتمانپه‌روه‌ری کوردستان
گەلی کورد بۆ ئه‌وه‌ی له‌و هه‌موو نه‌هامه‌تی و بێعهداڵهتییه ڕزگاری بێ و نیسێی شوومی ئه‌و ڕێژیمه سەرەڕۆیە له‌سه‌ر خۆیان لا بەرێ و ڕەوانی گشت شه‌هیدانی کوردستان شاد و ئارام کاتەوه، ده‌بێ:
ئەلف: ئه‌و ڕێژیمه کە له نێوخۆ و له ڕاده‌ی نێونەتەوەیی و جیهانی و ناوچەییدا ئیعتباری نه‌ماوه و ڕۆژ بە ڕۆژ پایه‌کانی دەسەڵاتی لەرزۆک دەبێ و لەوەش گرینگتر ناتوانێ بە سەخاوەتەوە وەک ڕابردوو یارمەتیی حیزبە تێرۆریست و دۆسته کۆنه‌په‌ره‌سته‌کانی لە گوێن خۆی له ناوچه‌ی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بدا، لەو هەلومەرجەدا، با پێکه‌وه یه‌کڕیزیی نێوماڵمان بەهێز بکەین و بە یەکگرتوویی و به هه‌ر شێوه‌یه‌کی گونجاو خه‌بات و بهربهرهکانییهکانمان ڕێک بخه‌ین و له دژی دوژمنەکانمان هه‌لوێست بگرین. ئه‌و کاته هەم سەر دەکەوین هەم ڕوحی شه‌هیدان ئارام ده‌بێ هه‌م خه‌ڵکی کوردستان ئافه‌رین و دەستخۆشی ده‌نێرن بۆ ئه‌م یەکگرتن و یه‌کڕیزی و یهکههلوێستییه.
ب_ ئه‌مرۆ ڕۆژی شه‌هیدانی کوردستانه. هه‌موو شه‌هیده‌کان له پێناو ئازادی و به‌خته‌وه‌ریی گه‌لی کورددا گیانیان به‌خشیوه، با بێ فەرق و جیاوازیدانانی سازمانی، له ڕیزی یه‌کگرتوودا پێکه‌وه بۆ بەدیهێنانی ئاوات و ئامانجه‌کانی شه‌هیدانی کوردستان تێ‌بکۆشین، سه‌ردانی گلکۆی شه‌هیدان بکه‌ین و به شاخه گولێک وه‌فاداریی خۆمانیان بۆ دەربڕین و بە دڵێکی پڕ لە خۆشەویستیی نیشتمان، به‌ڵێنیان پێ بده‌ین تا سه‌ر ڕێبواری ڕێگایان بین و سه‌ردانی بنه‌ماڵه‌کانیان بکه‌ین و منداڵه نازلێشواوهکانیان بلاوێنینه‌وه. ئه‌وکاته‌یه که خه‌ڵکی کوردستان خۆشحاڵ دەبن و سەری ڕێز بۆ ئەم کردەوە ئینسانیە دادەنوێنن و ڕەوانی نه‌سره‌وتووی شه‌هیدان و بنه‌ماڵه‌ی شههیدانیس ئارام دەکەنەوە.
هاوڕێیانی خۆشه‌ویست!
له‌م ڕۆژه‌دا (١٠ی خاکه‌لێوه) جارێکی دیکه له به‌رانبه‌ر هەر کۆ و ده‌وه‌ن و لێرهوارێک که ته‌رمی شۆڕه‌لاوێکی پێشمەرگەی له‌خوێندا شەڵاڵی شه‌هیدی لێ نێژراوه، هه‌روه‌ها له به‌رانبه‌ر خه‌بات و چالاکیی به‌رده‌وامی هاوسەنگەرانی شه‌هیدان، پێشمه‌رگه‌کانی کوردستان سه‌ری ڕێز داده‌نوێنین و به ڕێزەوە و به‌چاوی پر له ئومێده‌وه ده‌ڕوانینه داهاتووی زێڕینی نه‌ته‌وه‌که‌مان و خه‌باتی حیزبه‌که‌مان. بێگومان کورد تا خاوه‌نی ئه‌و هه‌موو شه‌هیده سه‌ربه‌رزه و ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه بێ، به ئاوات و ئامانجه‌کانی ده‌گا.
سڵاو له ڕوحی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د، سه‌رقافله‌ی شه‌هیدان،
سڵاو له گیانی پاکی هه‌موو شه‌هیدانی ڕێگای سه‌ربه‌ستی و ئازادی،
سڵاو له بنه‌ماڵه‌ی سه‌ر به‌رزی شه‌هیدان و زیندانیانی سیاسی.
کۆمیسیونی کۆمه‌ڵایه‌تی
١٠ی خاکه‌لێوه‌ی ١٤٠٠ی هه‌تاوی