هاووڵاتییەکی خەڵکی کامیاران بەناوی “حوسێن کەمانگەر” کە دوو ساڵ لەمەوبەر لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کرابوو، بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردستانی سزای ١٥ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، حوسێن کەمانگەر، بەندکراوی سیاسیی کورد خەڵکی کامیاران، کە ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری “سنە”دایە، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لەو شارە بە سەرۆکایەتیی قازی “سەعیدی” سزای ١٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.
ناوبراو بە تۆمەتی “شەڕی چەکداری بەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران” لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم ئەو حوکمەی بەسەردا سەپاوە و دادگاییکرانی “کەمانگەر” مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو بەڕێوەچوو و ڕۆژی شەممە ٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، ئەو حوکمە بە فەرمی بە پارێزەر و بنەماڵەکەی ڕاگەیەندراوە.