ڕۆژی یەکشەممە ٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، کۆمیتەی سوئێدی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێبینارێکی بە بەشداری بەڕێز “عومەر باڵەکی” ئەندامی دەفتەری سیاسی، بە شێوەی ئانلاین بەڕێوە برد.
سەرەتای بەرنامەکە بە سروودی نەتەوایەتی “ئەی رەقیب” و ڕاگەیاندنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێ کرد. پاش بەخێرهاتنی بەشداربووان و نوێنەرانی حیزبە کوردستانییەکان لە لایەن بەڕێوەبەری وێبینار هاوڕێ “محەممەد ئیسماعیلی” بەرنامەکە دەستی پێکرد و خاتوو “کوێستان بابایی” بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە سوئید پەیامێکی بەبۆنەی ئەو ڕۆژەوە پێشکەش کرد.
خاتوو کوێستان لە بەشێک لە پەیامەکەیدا وتی:” پێشەوایان لە سێدارە دا، بەڵام بیر و هزری پێشەوا کە یەکییەتی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە و خەباتی هەمە لایەنە بوو، لە پێناو دامەزراندنی کیانێکی سەربەخۆی کوردیدا، هەروەک خۆی ماوەتەوە و رۆڵەکان و میراتگرانی رێبازەکەی لە پێناویدا تێدەکۆشن. حیزبی دێموکراتی کوردستان، خەباتی خۆی بەرەو ئامانجە ڕەواکانی درێژە دەدا و لەم پێناوەشدا هەزاران رۆڵەی خۆی کردووەتە قوربانی، لە سەرووی هەماویانەوە قازی، دکتور قاسملوو و دکتور شەرەفکەندی.
لە درێژەی وێبینارەکەدا، “عومەر باڵەکی” ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بابەتێک لەژێر ناوی” خوێندنەوەیەک بۆ هزر و کەسایەتی پێشەوا قازی محەممەد لە ٧٤ ساڵەی شەهیدکرانیدا”، باسی لە هەوڵەکانی پێشەوا “قازی محەممەد” و رۆڵی بەرچاویان لە دامەزراندنی یەکەم حیزبی مۆدێڕنی کوردی و دامەزراندنی یەکەم کۆماری کوردستان و دەستکەوتەکانی وەکوو ناوی پیڕۆزی پێشمەرگە، ئاڵای کوردستان، سرودی “ئەی ڕەقیب” کە ئێستاش وەکو میراتێک بۆ گەلی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان ماوەتەوە، کرد.
کاک “عومەر باڵەکی” بێجگە لە خوێندنەوەی سوێندی ياسایی “قازی محەممەد” باسی لە ورەی لە بننەهاتووی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد کە هەرچەند ڕێژیمی لەنێوچووی پەهلەوی بە لەنێوبردنی کۆماری کوردستان و لە سێدارەدرانی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی پێی وابوو دەتوانێ کۆتایی بە خەونی ئازادی کوردستان بێنێ. بەڵکو ۷٤ ساڵ پاش لە لە سێدارەدانیان، گەلی کورد لە تێکۆشان و خەبات بۆ ئازادی و سەربەخۆیی کۆڵی نەداوەو تا کۆتایی ڕێبواری ڕێگەیان دەبن.