ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە گرێبەستی ٢٥ ساڵەی نێوان ئێران و چین ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
ڕۆژی ٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی گرێبەستی ٢٥ ساڵەی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ چین ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە کە لە بەشێکیدا هاتووە کە،سەبارەت بە وتووێژەکانی نێوان ئێران و چین لەسەر دەقی کۆتایی ئەو بەڵگەنامە کە لە ساڵی ٢٠١٦ی زایینیەوە دەستی پێکردبوو و تا ئێستاش بڵاو نەکراوەتەوە و هەروەها ناوەرۆکی ئەو گرێبەستەی کە لە خەڵکی ئێران شاردراوەتەوە، دەبێ بڵێین کە بە کردەوە تەواوی بورەکانی ئابووری ئێران ڕادەستی چین کراوە.
ئەو ڕێککەوتنە داسەپێنراوە کە هەراجکردنی هەموو سەرچاوە و سەروەت و سامانی ئێرانی بەدواوە دەبێ و بەشێوەیەکی دیکە دەبێتە تورکمەنچای چین،لە کاتێکدا واژۆ کراوە کە دەسەڵاتی ئێران لە دەستی دزان و قاچاخچیگەلێکی جۆراوجۆر دایە کە بە هەموو شێوازێک سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران هەراج دەکەن.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران سەرەڕای مەحکووم کردنی ئەو گرێبەستە پڕ لە شوورەییە و هەراج کردنی سەرچاوەکانی داهاتی ئێران لەلایەن دەسەڵاتدارانی ڕێژیمەوە، بۆ جارێکی دیکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە خوازیاری دابینکردنی بەختەوەری، ئاسایش، وڵامدانەوە بە داواکاریی شارۆمەندان، مافی یەکسان بۆ هەموو نەتەوە زوڵم لێکراوەکانی ئێران و کەمینە ئایینی و مەزهەبی و دابینکردنی بەستێنێکی شیاو بۆ پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی هەموو گەلانی ئێرانە.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی.