بەرپرسێکی باڵای ڕێژیمی ئێران : تەنیا بە مەرجێک پیتاندنی ئۆرانیۆمی لە سەتا ٢٠ و هەموو چالاکییە ناوکییەکان ڕادەوەستێنین کە هەموو گەمارۆکانی سەر ئێران لابچێ.
بەپێی ڕاپۆرتی پرێس تیڤی، کاناڵی ئینگلیسی زمانی ئێران، بەرپرسێکی باڵای ڕێژیمی ئێران ڕۆژی دووشەممە ٩ی خاکە لیوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، ڕایگەیاندووە کە تەنیا ئەو کاتە چالاکییە ناوکییەکانمان ڕادەوەستێنین کە ئەمریکا هەموو گەمارۆکانی سەر ئێران لاببا و کۆتایی بە گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران بهێنێ.
ئەم بەرپرسەی کۆماری ئیسلامی کە نەیوویستووە ناوی ئاشکرا بێ ڕایگەیاندووە کە ئێران مافی خۆیەتی ئۆرانیۆمی لە سەتا ٢٠ پیتێندراو بەرهەم بهێنێ و هەروەها دەڵێ: ئەو ئێمە نین کە ڕێککەوتنی ناوکییمان پێشێلکردووە بەڵکوو ئەمریکا و وڵاتانی ئورووپایی ئەو ڕێککەوتنەیان پێشێلکردووە و دەبێ بە لابردنی گەمارۆکان نیازپاکی خۆیان بۆ ئێران بسەلمێنن.