گرێبەستی ٢٥ ساڵەی نێوان ئێران وچین ناڕەزایەتیی بەربڵاوی خەڵکی لە ئێران و دەرەوەی وڵات لێکەوتووەتەوە.
ڕۆژی دووشەممە ٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، کۆمەڵێک لە خەڵکی ناڕازیی تاران، بە کۆبوونەوە لە بەردەم بینای مەجلیسی ڕێژیم، لەهەمبەر واژۆکردنی گرێبەستی نێوان ئێران وچین ناڕەزایەتییان دەربڕی و بە دروشمی” ئێران فرۆشی نییە” داوایان لە بەرپرسانی حکوومەت کردووە کە نێوەڕۆکی گرێبەستەکە بڵاو بکەنەوە.
لەو ڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبۆتەوە، بە دەیان کەس لە هاووڵاتییان دەبیندرێن کە داواکاری بڵاوکردنەوەی نیوەرۆکی گرێبەستەکەن و زۆربەی چالاکانی سیاسی ئەو گرێبەستە بە گرێبەستی” تورکەمەن چای” ناو دەبەن.
جێگای ئاماژەیە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چالاکانی سیاسی و مەدەنی، بانگەوازێکیان بۆ ناڕەزایەتیی دەربڕینی گشتیی خەڵک بەدژی ئەو گرێبەستە بڵاوکردۆتەوە و ناڕەزایەتییەکانی شاری تاران بە دەسپێکی ناڕەزایەتییە گشتییەکان ناو دەبەن.