ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ئێران ڕایگەیاند بەهۆی کێشەی دراوی بیانی و گەمارۆی سەر بانکەکان ئەگەری ئەوە هەیە کە بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەخانەی ناوکیی بوشێهر ڕاوەستێ.
مەحموود جەعفەری جێگری ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، سەرەڕای جەختکردنەوەی لەسەر ئاکامەکانی سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاری ئەمریکا بەدژی ئێران و گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران، بە هەواڵدەریی “ئیسنا”ی ڕاگەیاند کە کێشەی سەرەکیی ئێمە لە ساڵی ڕابردوودا کەم و زیادبوونی نرخی دراوی بیانی و کێشەی گەمارۆکان لەسەر بانکەکان بووە.
ناوبراو هەروەها وتی: ئەم کێشەگەلە بوونەتە هۆی ئەوەیکە لە کڕینی کەرەستەی پێویست و دابین کردنی سووتەمەنی بۆ وزەخانە و هەروەها نەبوونی ڕێگای گواستنەوە و پێدانی پارە بە ئەو کۆمپانیاگەلەی کە گرێبەستمان لەگەڵیان هەیە لە وڵاتی ڕووسیە تووشی کێشە و گرفت ببینەوە.
جەعفەری دەڵێ: ئەگەر ڕێگا چارەیەکی خێرا بۆ چارەسەری کێشە ئابوورییەکان نەبینینەوە، ئەگەری زۆری هەیە بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەخانەی بوشێهر و چالاکییەکانی ئەو وزەخانەی ڕابوەستێ.
جێگای ئاماژەیە کە سووتەمەنی وزەخانەی ناوکیی بوشێهر لە وڵاتی ڕووسیە دابین دەکرێ و لە ئێستادا بەهۆی گەمارۆکانەوە دابینکردنی سووتەمەنی لە ڕووسیە تووشی کێشەیەکی گەورە بووەتەوە.