عەباس ئاخوندی، وەزیری پێشووی ڕێگاوبان و شارسازی، سەرەڕای ڕەخنەگرتن لە بەکارهێنانی توندوتیژی بۆ پێشگرتن لە هەڵاوسان وتی: بەرزبوونەوەی نرخەکان بە گرتن و بەندکردن، چەک و بەسیج چارەسەر نابێ.
ئاخوندی لە وتووێژێکدا لەگەڵ “هەواڵ ئانلاین” ڕۆژی دووشەممە ٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، بە ئاماژە بەوەیکە ٥٠ ساڵە ناتوانین ئەو ڕاستییە قەبووڵ بکەین کە هەڵکشانی گشتیی نرخی پێداویستییەکانی ژیان بە گرتن و بەندکردن و چەک چارەسەر نابێ وتی: وێژمانی ئارام و لەسەرەخۆ کێشەکان چارەسەر و وێژمانی توند بەرەو گرتن وکوشتن دەڕوا و ئەو کەسانەی کە باوەڕیان بە وێژمانی توند هەیە پێیان وایە هەموو کێشەیەک بە توندوتیژی و کەڵک وەرگرتن لەچەک چارەسەر دەبێ، کە بەتەواوەتی هەڵەیە.
ناوبراو لە درێژەی وتوێژەکەدا وتی: هێندێک کەس دەڵێن بەسیجییەکانیش دەتوانن وتووێژ بکەن،بەڵام ئەو کەسانە تەنیا زمانی توند و چەک دەزانن و وڵات بەرەو هەڵدێر دەبن.
ئاخوندی هەروەها وتی: سەرۆککۆماری داهاتووی ئێران دەبێ سیاسەتیی ژیرانە و نەرم بە دور لە توندوتیژی بگرێتە بەر و هەوڵ بدا کێشەکان لە ڕیشەوە چارەسەر بکا.